سیروان حەسەن، رۆژنامەنوس لە كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، بە بڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار دەستبەسەركرا، ئەوەش لەسەر سكاڵایەك كە لەلایەن مەكۆی كەلاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە تۆماركراوە.
لێپرسراوانی مەكۆی كەلاری بزوتنەوەی گۆڕان، لەسەر بڵاوكردنەوەی پۆستێكی فەیسبوك كە سیروان حەسەن لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، نوسیویەتی "بەرپرسێکی گۆڕان ژمارەی ئۆتۆمبیلە حکومییەکەی لە شینەوە گۆڕی بۆ ژمارەی ئاسایی ئۆتۆمبیلی مەدەنی، بە وەزیرەکەی وتبوو ئێمە لەکەرکوکەوە هاتوچۆ دەکەین مەترسیمان لەسەرە!".
لە بەشێكی تریشیدا كە لە 9ی ئاب بەبێ ناوهێنانی ئەو لێپرسراوەی گۆڕان بڵاویكردۆتەوە، هاتووە "ئۆتۆمبێلێکی دیکەشی لە رێگەی باخەکەی دانابوو! لە فەرمانگەیەكی دیکە هێنابوی! ژمارە شینەکەی لێکردبووەوە و ژمارەیەکی علوجی رەشی لێدابوو!"، زیاتر هاتووە "ئێستا بینایەکی بازرگانیشی لێداوە، روکنە ئەو مەترەی دەبێت تەرکبکرێت بە تەجاوز کردویەتییە بینا و لە شارەوانیش بێدەنگیان لێکردووە!".
سیروان ئەمڕۆ یەكشەممە 25ی ئاب، چووە بەردەم دادوەر بۆ وەرگرتنی وتەكانی، دوای ئەوەی هەفتەكانی رابردوو سكاڵای لەسەر تۆماركرا، بەڵام دادوەر بڕیاریدا بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستبەسەری بكات.
هاوڕێیەكی سیروان حەسەن بە (كەركوك ناو)ی وت "دادوەر بەپێی یاسای قەدەغەكردنی خراپبەكارهێنانی مۆبایل بڕیاریداوە 15 رۆژ رایبگرێت، ئێستا سیروان حەسەن دەستبەسەرە".
بەپێی ماددەی 2ی یاساكە كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەركارە هاتووە "هەر كەسێك ئەگەر بەخراپی تەلەفۆن یان مۆبایل یان هەر ئامێرێكی پەیوەندیكردنی تەلدار یان بێ تەل یاخود ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلكترۆنی بۆ مەبەستی هەرەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو یان كارێك كە شەرەف بریندار بكات... ئەگەر بەهۆی بڵاوكردنەوەیان و دابەشكردنیان سوكایەتی یاخود زیانیان پێ بگات ئەوا بۆ ماوەیەك بەند(حبس) دەكرێت كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەكیش سزا دەدرێت كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت".
سیروان حەسەن، دەرچوی بەشی تەلەفیزیۆنە لە کۆلێژی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی لە ساڵی 2006 – 2007، ئێستا لە بەشی بەرنامەكانی كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی دەوام دەكات.