كەسوكاری بەشدار بازیانی، نیگەرانی خۆیان نیشاندەدەن لە "نەبونی هیچ زانیارییەكیان" لەسەر شوێن و دۆخی تەندروستی كوڕەكەیان، ئەوەش لە راگەیەنراوێكیاندا كە لەسەر ئەكاونتی بەشدار بازیانی بڵاویانكردەوە، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك راگەیەنراوەكە لابرا.
بەشدار بازیانی و سێ رۆژنامەنوسی تر كە دوو هەفتەیە لە سلێمانی دەزگایەكی راگەیاندنیان دامەزراندووە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانییەوە دەستگیركران، هەروەها دەستبەسەر مۆبایلەکانیان و بەشێك لە كۆمپیوتەری دەزگاكەشیاندا گیرا و ئۆفیسەكەیان داخرا، بە بیانوی نەبونی مۆڵەتی كاركردن، ئەوەش بەپێی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ).
هەریەكە لە دانا ساڵح، سەردەشت حەمەساڵح و نەبەز شێخانی لە یەكی ئادار بە كەفالەت ئازادكران، بەڵام بەشدار بازیانی تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی ئادار ئازادنەكرابوو. هەروەها رۆژی دواتر جارێكی تر دانا ساڵح بانگكرایەوە بۆ ئاسایش و دەستگیركرایەوە، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو).
کارلۆس مارتینێز، بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی CPJ كە بارەگاكەی لە نیویۆرک رایگەیاند "دەستگیرکردنی چوار ڕۆژنامەنوس و داخستنی ئۆفیسەكەیان بە زەبری هێز، لەلایەن دەسەڵاتداران هێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەریی لە کوردستانی عیراق".
لەگەڵ جەختیكردنەوە لەوەی "پێویستە دەستبەجێ دەسەڵاتداران رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی ئازاد بکەن و تۆمەتەکانی سەر هەر چوار رۆژنامەنووسەکە هەڵبوەشێننەوە و رێگە بدەن دامەزراوەكە دەستبكاتەوە بە كاركردن".
بەپێی دوو سەرچاوە كە قسەیان بۆ سی پی جەی كردووە، هێزە ئەمنییەکان بە کارمەندانی دەزگاكەیان وتووە نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
هەر بەپێی سی پی جەی، كە لەزاری سەرچاوەكانییەوە گواستویانەتەوە، دەستگیرکردن و داخستنی کارەکان پەیوەندی بە چاوپێکەوتنێکی دەزگاكەیانەوە هەبووە لەگەڵ خوشکی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کێشەیەکی خێزانی. ئەو بەرپرسە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد، دوای ئەوەی بەشدار بازیانی پێش بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکە بۆ ناردووە.
کاروان ئەنوەر، لێپرسراوی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بە سی پی جەی وتووە كە بەشدار بازیانی بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادان بە تۆمەتی ناوزڕاندن تۆمەتبار كراوە، کە ماوەی زیندانیکردنی دیارینەکراوە.
میدیا21 کە ئەو چوار رۆژنامەنوسە كاریان تێدا دەكرد و لە 21ی شوباتی 2025 دەستیانپێکرد، لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی دەستگیرکردنەکانی كرد، بەڵام لەدوای ئەو بەیاننامەیەوە لە یەكی ئایار دەزگاكە هیچ بابەتێكی رۆژنامەوانی بڵاونەكردۆتەوە.