هۆكاری ئازادنەكردنی شێروان شێروانی ئاشكرادەكرێت

رۆژنامەنوس، شێروان شێروانی

عەمار عەزیز

ئازادبونی مەرجداری شێروان شێروانی لەلایەن دادوەرەوە رەتكرایەوە، بەوەش ئەو رۆژنامەنوسە دەبێت حكومەكەی تا 9ی ئەیلولی ئەمساڵ لە زیندان بەسەر ببات.

محەمەد عەبدوڵا، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگریکردن لە رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی حوكمەكەی شێروان شێروانی مافی ئەوەی هەبوو بە ئازادبونی مەرجدار لە 9ی ئاداری ئەمساڵ لە زیندان ئازادبكرایە و حوكمەكەی لەناو كەسوكاری تەواوبكردایە، بۆ ئەو مەبەستەش داواكاریمان پێشكەش بە دادگا كرد، بەڵام دادوەر داواكەی رەتكردەوە".

شێروان شێروانی كە لە تشرینی یەكەمی 2020 دەستگیركراوە و لە دوو كەیسی جیاوازدا حوكمدراوە، حوكمەكەی لە 9ی ئەیلولی 2025 تەواودەبێت، بەڵام بەپێی یاسا بەركارەكان ئەگەر سێ لە چواری حوكمەكەی بەسەر بردێت، دەتوانێت داوای ئازادبونی مەرجدار بكات.

ئازادبونی مەرجدار بەواتای تەواوبونی حوكمەكەی نایات، بەڵكو دەتوانێت حوكمەكەی لەناو كەسوكاری تەواوبكات.

لەبارەی ئەوەی بۆچی دادوەر ئازادبونی مەرجداری شێروان شێروانی رەتكردۆتەوە، محەمەد عەبدوڵا وتی "دۆسییەكە ئەوەیە کە گوایە شێروان شێروانی هەڕەشەی لە لێپرسراوێكی ئەمنی ناو چاكسازی كردووە".

محەمەد وتیشی "ئەو تۆمەتە رەوا نییە، چۆن دەكرێت كەسێك لەناو چاكسازیدا بێت و هەڕەشە بكات... ئەم دۆسییەیە لە دادگای لێكۆڵینەوەیە و هێشتا لێكۆڵینەوە تەواونەبووە".

شێروان شیروانی دوای دەستگیركردنی لە 16ی شوباتی 2021دا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتا"، تاوانبارکرا و بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدرا.

دوای تەواوبونی ئەو حوكمەی و بەرلەوەی ئازادبكرێت، دادگای هەولێر لە 20ـی تەموزی 2023دا بڕیاریدا بە سزادانی شێروان شێروانی، رۆژنامەنوس بە چوار ساڵی دیكەی زیندانی، بە تۆمەتی "ساختەكاری". بەڵام ئەم سزایە دوای تەمیزكردنەوەی كەمكرایەوە بۆ دوو ساڵ.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT