"هەر خۆم نا، خوشك و دایك و باوكیشم كراینە ئامانج"، هێرش قادر، لێپرسراوی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر، بەمشێوەیە باسی لە هێرشی ژمارەیەك ئاسایشی چەك بەدەستی هەولێر كرد كاتێك پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە "بە شەق، زلـلە و جنێو" كەوتونەتە وێزەی.
هێرش بە (كەركوك ناو)ی وت "کەسێک خۆی وەک لێپرسراوی بنکەی ئاسایشی گەڕەکی کورانی عەنکاوە ناساند، لەگەڵ چەند ئاسایشێکی دیکە بەرەو رومان هاتن و بە زللـە و شەق لێیانداین، هەر بە پاڵ و بە شەق ئێمەیان خستەوە ناو سەیارەکەمان و نەیانهێشت روماڵ بكەین".
ئەو پەیامنێرەی كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، دەیویست لەگەڵ وێنەگرەكەیدا (عەلی عەبدولهادی) دەنگی ناڕەزایی ژمارەیەك هاوڵاتی گەڕەكی كورانی عەنكاوە لەنێویاندا ژن و منداڵ بگوازێتەوە، كاتێك ئەمڕۆ دووشەممە لەبەر نەبونی ئاوی خواردنەوە رژانە سەر شەقامەكان و تایەیان لەسەر شەقامێكی سەرەكی سوتاند.
"هەرچی جنێوی ناشرین بوو بە دایک، باوک، خوشک و کەسوکارمانیاندا، هەڕەشەیان دەكرد، بەداخەوە ئەوە رەفتاری ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكان بوو"، هێرش وایوت.
هەرچی جنێوی ناشرین بوو بە دایک، باوک، خوشک و کەسوکارمانیاندا
لە شاری هەولێر رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران لە چەند رۆژی رابردودا روبەڕوی شەپۆلێك پێشێلكاریی بونەوە، كە بكەرەكانیان دەزگا ئەمنییەكانی هەولێرن لە نێویاندا، ئاسایش. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ وەرزی هاوین و كەمی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە، كە حكومەت لێپرسراوە لە دابینكردنیدا.
گەڕەکی کورانی عەنکاوە، كە دواین ناوچەی پارێزگای هەولێرە خەڵكەكەی بێتە سەر شەقام، دەکەوێتە نێوان هەردوو شەقامی بازنەی 40 مەتری و 100 مەتری، لە نێوان ناوەندی شاری هەولێر و قەزای عنكاوە.
خۆپیشاندانەكە لە جوتسایدی گەڕەكەكە بوو كە دەكەوێتە بەردەم سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
هیوا فەقێیانی، پەیامنێری کەناڵی سپێدە، كە دەیویست روماڵی ناڕەزاییەكە بكات، وتی "ئاسایش پێیانوتین ئاژاوە دروست مەکەن، بەزۆر ئێمەیان خستەوە ناو ئۆتۆمبێلەكانمان و نەیانهێشت روماڵ بكەین".
ئەو پێشێلكارییە دژ بە رۆژنامەنوسان، هاوكات بوو لەگەڵ دەستگیركردنی چالاكوانێكی سیاسی بە ناوی رەعد رەفعەت، كە لیستێكی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق لە هەولێر پێكهێناوە.
رەعد دەیویست لەبەردەم پاركی شانەدەر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەر ئەنجامی سکاڵاکەی ببەستێت، كە لە دادگای فیدراڵی تۆماریكردووە دژی پێنەدانی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە 75 رۆژە موچەیان بە فەرمانبەران نەداوە.
دوای ئەوەی رێگری لێكرا، رەعد ئەنجامدانی كۆنگرەكەی بۆ جوتسایدی گەڕەکی راستی گواستەوە و لەگەڵ كۆتاییهاتنی كۆنگرەی دەستگیركرا.
کاروان شوانی، پەیامنێرانی کەناڵی ئاسمانی زووم نیوز، كە شایەتحاڵی دەستگیركردن رەعد رەفعەت بووە، وتی "بە بەرچاوی ئێمەوە زیاتر لە 15 كەس كە چوار ئۆتۆمبێلیان پێبوو، جلی ئاسایش و مەدەنییان لەبەر بوو، دەستگیریان كرد، هەڕەشەی ئەوەشیان لە ئێمە كرد ئەگەر یەک وشە و یەک پرسیاریش بکەین دەمانگرن"، كاروان زیاتر وتی "لە گەڕانەوەمان تاوەکو بەردەم ئۆفیس چاودێرییان کردین".
هەر لەو شوێنە ئاسایش مۆبایلی شەخسی هەموو رۆژنامەنوسەكانیان لەگەڵ خۆیان برد.
بەپێی زانیارییەکانی (کەرکوک ناو)، لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی رەعد رەفعەت، دەستبەسەر کەلوپەلی شەش دەزگای راگەیاندندا گیراوە. تا دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، رەعد رەفعەت و هاوكارێكی بەناوی دكتۆر بەیاد ئازادكران و كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانی رۆژنامەنوسانیش درایەوە.
ئەو پێشێلكارییە هاوكاتە لەگەڵ كوژرانی هاوڵاتییەكی ناحیەی ورتێ لە قەزای رەواندز سەر بە پارێزگای هەولێر لە شەوی رابردوو 13ی تەمموز بەناوی حەسەن رەحمان باوكی پێنج منداڵ، حەسەن لەگەڵ ژمارەیەك هاوڵاتی ناحییەكە دژی نەبونی كارەبا خۆپیشاندانیان كردبوو.
بكوژ بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆی كە بە فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە، ئەو كەسەی خۆپیشاندەرەكەی كوشتووە، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی قەزای سۆرانە.
هەر لەو خۆپیشاندانەی وەرتێ، رێگریی لە ژمارەیەك رۆژنامەنوس كرا روماڵ بكەن، لە نێویاندا پەیامنێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان زمانحاڵی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای 24 كاتژمێر لە روداوەكەی وەرتێ، رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا تەنیا جەخت لەوە دەكاتەوە "لێكۆڵینەوە دەستپێدەكەین و كەسوكاری حەسەن رەحمان دڵنیایی دەكەینەوە مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت".
لە 10ی ئەم مانگەشدا، سێ دامەزراوەی تر رێگریان لێكرا روماڵی ناڕەزاییەكانی سنوری هەولێر بكەن كە دژی كەمی كارەبا هاتبونە سەر شەقام.
ئەم پێشیلكارییانە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان وادەی یاسایی تەواوبووە و دوای حەوت مانگ لە هەڵبژاردن نەتوانراوە حكومەتێكی یاسایی پێكبهێنرێت، هەروەها پەرلەمانیش لە چالاكی كەوتووە.
هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی و پارتی، لە بۆشایی نەبونی حكومەتێكی یاساییدا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین هەڵمەتی رەشبگیریان دژ بە رۆژنامەنوسان، چالاكوانانی سیاسی و فەرمانبەریان لە هەولێر و سلێمانی دەستپێكردووە.
لە 26ی حوزەیرانی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لانیكەم 30 رۆژنامەنوس، چالاكانی سیاسی و حزبی، مامۆستایان و فەرمانبەران و پەرلەمانتاران دەستگیركرد، دوابەدوای هەوڵی خۆپیشاندان لە شارەكە دژی پێنەدانی موچە لەكاتی خۆیدا.
هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان موچەی ئایار و حوزەیرانی رابردویان وەرنەگرتووە، دۆخی دەستكەوتنی ئاوی خواردنەوە ،كارەبا و خزمەتگوزاریی تر لە ئاستێكی خراپدایە.
ئەو پێشێلكارییە دژ بە رۆژنامەنوسان لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007دا دەركراوە، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەیدا و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا. لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەدا هاتووە "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".
رێكخراوی پەیامنێران كە ئاماری پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسان بڵاودەكاتەوە، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە كە 10 توندوتیژی و رێگیریی تەنیا لە 14ی تەمموز تۆماركراوە. لەگەڵ ئیدانەكردنی ئەو توندوتیژییانە جەختدەكەنەوە لەوەی كە نابێت دەزگا جێبەجێكارەكان سنوری ئەركەكانیان ببەزێنن و "لە چوارچێوەی ئەركەكانیان رێز لە یاسای كاری رۆژنامەنوسی بگرن".
لە 25ی شوباتی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی، پێشێلكاریی دەستگیركردن، پەلاماردان و راوەدونان، رێگریكردن لە روماڵ و ئازاردانیان دژ بە 12 رۆژنامەنوس و میدیاكار لە شەش دەزگای راگەیاندن ئەنجامدا، كاتێك دەیانویست روماڵی خۆپیشاندان بكەن كە بەهەمان شێوە بۆ داواكردنی موچەكانیان بوو.
10 رۆژ پێشتر و لە 10ی شوبات هێزە ئەمنییەكانی هەولێر بەهەمان شێوە دەیان پێشێلكاریی جۆراوجۆریان لە نێوان كۆیە و هەولێر دژ بە رۆژنامەنوسان ئەنجامدا، كاتێك دەیانویست رومالی چونی مامۆستایانی ناڕازی بكەن بۆ هەولێر كە ئەوانیش داوای موچەكانیان دەكرد.
بەپێی یاسا بەركارەكان، رۆژنامەنوسان دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن دژ بەو كەس و لایەنانەی پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت، بەڵام بەهۆی نەبونی ئەنجامی سكاڵاكان كەمترین رۆژنامەنوس پەنا بۆ دادگا دەبەن.