حوكمی شەش مانگ زیندانی بۆ ئومێد بەرۆشكی، خاوەنی ماڵپەڕی راست میدیا تازەكرایەوە

ئومێد بەرۆشكی، خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕی راست میدیا. فۆتۆ: تایبەت بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە

عەمار عەزیز

دادگای كەتنی دهۆك، سزای شەش مانگ زیندانی بۆ ئومێد بەرۆشكی، خاوەنی ماڵپەڕی راست میدیا تازەكردەوە، ناوبراو شەش مانگە لەسەر كەیسێكی تر لە زیندانە.

بەپێی وتەی پارێزەرەكەی، ئومێد بەرۆشكی لانیكەم شەش كەیسی ناوزڕاندنی لە دادگا لەسەرە و بەهۆی یەكێك لەو دۆسییانەوە شەش مانگە لە زیندانە و بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەمموز حوكمەكەی تەواوبێت و ئازادبكرێت.

لەكاتێكدا كەسوكاری چاوەڕوانبون ئومێد بگەڕێتەوە ناویان، بەڵام كەیسێكی پێشوی بۆ تازەكراوەتەوە كە تایبەتە بە پۆستێكی فەیسبوك لەسەر  یەكێك لە زیندانییەكانی دهۆك بەناوی "مەلا نەزیر"، ئومێد لە پۆستەكەدا كە مێژووەكەی بۆ كانونی دووەمی 2024 دەگەڕێتەوە، نوسیویەتی "مەلا نەزیر لەلایەن هێزێكی زیندانی زركاوە رفێندراوە، بەڵام ئەو لەو زیندانەدا نەماوە و چارەنوسی نادیارە".

رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری کەیسی ئومێد بەرۆشکی بە (كەركوك ناو)ی وت "ئومێد لەسەر ئەو پۆستە لە كانونی دووەمی ئەمساڵ بە بڕیاری دادگا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوای تەمیزكردنەوەی سزاكە، بڕیاردرا حوكمەكەی جێبەجێنەكرێت، بەڵام ئەمڕۆ دادگا ئەو سزایەی تازەكردەوە و بەو هۆیەوە ئومێد دەبێت شەش مانگی تر لە زیندان بێت".

رەمەزان ئەرتیسی، جەختیكردەوە "بەپێی ماددەی 144 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەر تاوانبارێك كە حكومەكەی راگیراوە، ئەگەر لە ماوەی سێ ساڵدا بە كەیسی تر حوكمبدرێت، ئەوە ئەو كەیسەشی بۆ تازەدەكرێتەوە، لێرەدا دادوەر بەپێی ئەو ماددەیە مامەڵەی كردووە".

زیاتر وتی "ئێستا ناتوانین هیچ بکەین، چونکە ماددەی 144 یەكلاییكەرەوەیە و هیچ مەجالێکی تێدا نییە".

ئومێد بەرۆشكی، خاوەنی ماڵپەڕی راست میدیا، یەكێك بوو لەو رۆژنامەنوسانەی بادینان، كە لە 18ی ئابی 2020 لەسەر چەند دۆسییەیەكی پەیوەست بە ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی پۆستی فەیسبوک لەسەر پۆلیس و پارێزگاری دھۆک، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ دەركرا و لە 22ی شوباتی 2022 دوای تەواوكردنی حوكمەكانی، زیندانی بەجێهێشت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT