هێزێكی ئەمنی رۆژنامەنوس كاروان كەلاری دەستگیردەكەن

كاروان كەلاری، رۆژنامەنوس لە پلاتفۆرمی میدیایی (كازیوە میدیا)

كەركوك ناو

كاروان كەلاری كە پلاتفۆرمێكی میدیایی هەیە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بەناوی (كازیوە میدیا) لەكاتژمێر شەشی ئێوارەی سێشەممە 25ی تشرینی دووەمەوە لەلایەن هێزێكی ئەمنی ناوچەی گەرمیانەوە دەستگیركراوە.

كازیوە میدیا كە پلاتفۆرمێكی لۆكاڵییە و قەزای كەلار سنوری كاركردنیانە، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی دەستگیركردنی كاروان كەلاری، سەلامەتی گیانی ناوبراو دەخەنە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی سنورەکە و جەختدەكەنەوە لەوەی ئەوان و كەسوكاریان ئاگاداری سەلامەتی گیان و تەندروستی ناوبراو نین و نازانن چارەنوسی چی بەسەرهاتووە.

كاروان كەلاری هاوكات كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەپێی وتەی رێبوار مستەفا، لێپرسراوی ناوچەی گوڵانی ئەو حزبە، هێزێكی ئەمنی گەرمیان ناوبراویان دەستگیركردووە و ئێستا لە كەلار دەستبەسەرە.

ئازاد عوسمان، بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ، كە رادیۆیەكی سەربەخۆیە لە كەلار و گەرمیان كاردەكەن، لەبارەی دەستگیركردنی كاروان كەلارییەوە نوسیویەتی "خێزان و کەسوکار و هاوڕێیانی کاروان کەلاریی شەوێکی درێژی ناڕەحەتیان بەڕێکرد، کوڕەکەیان لەئێوارەوە سۆراغی نەمابو و مۆبایلی داخرابو، بەبێ ئەوەی بزانرێت لەکوێیە و هەواڵی چییە؟! هەتا زانرا دەستگیرکراوە زۆری ویست".

زیاتر دەنوسێت "كاروان نە قاچاخچییە و نە تلیاکفرۆش، ئەگەر دۆسییە یان سکاڵایەکی لەسەر بووە، رێگای یاسایی هەیە بۆ بانگهێشتکردن و تەنانەت دەستگیرکردنیشی. بەڵام دەستگیرکردنی بەمشێوەیە لە شەودا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزان و کەسوکاری و لە دڵەڕاوکێ مانەوەیان لە دۆخێکدا کە هەر رۆژە و گەنجێک بێ سۆراغ دەبێت، رەفتارێکی ئەوپەڕی نامەسئولانەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT