(كەركوك ناو) و هاوبەشەكانی نامیلەكەی "ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی"یان بڵاوكردەوە

هەولێر/ 3ی كانونی یەكەمی 2025/ مەراسیمی بڵاوكردنەوەی نامیلكەی "ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی" لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر. فۆتۆ: فەرمان سادق

كەركوك ناو

لە دوو مەراسیمی جیادا لە شاری هەولێر، نامیلەكەی "ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی" بە زمانی كوردی بڵاوكرایەوە و بە خۆڕایی بەسەر خوێندكاران و مامۆستایانی بەشەكانی راگەیاندن لە زانكۆ حكومی و ئەهلییەكاندا دابەشكرا.

وەرگێڕانی نامیلەكەی "ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی" بۆ زمانی كوردی، كارێكی هاوبەشی دامەزراوەی (كەركوك ناو) و ئەكادیمیای فڕانس میدیا مۆندە، بە پاڵپشتی باڵێۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا جێبەجێكرا.

كارە هاوبەشەكە جگە لە وەرگێڕانی ئەو نامیلكەیە لە عەرەبییەوە بۆ زمانی كوردی، هاوكات دانانی ژێرنوسی كوردی بۆ 25 ڤیدیۆی فێركاریی كە له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیست و رۆژنامه‌نووسانی عیراقی به‌شدار له‌ پڕۆژه‌كه‌دا به‌رهه‌مهێنراون، لەخۆدەگرێت.

دابەشكردنی نامیلكەكە و ئاشناكردنی فێرخوازان بە ڤیدیۆ فێركارییەكان، چوارشەممە 3ی كانونی یەكەم لە دوو مەراسیمی جیادا لەگەڵ خوێندكاران و مامۆستایانی هەردوو بەشی راگەیاندن لە زانكۆی كوردستان – هەولێر و زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر خرایەڕوو، بە ئامادەبونی نوێنەری ئەكادیمیای فڕانس میدیا مۆند و پەیمانگەی فەرەنسی لە بەغدا.

Namilka3
هەولێر/ 3ی كانونی یەكەمی 2025/ تیمی ئەكادیمیای فڕانس میدیا مۆند لە مەراسیمی بڵاوكردنەوەی نامیلكەی "ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی" لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر. فۆتۆ: فەرمان سادق

شۆڕش خالید، سەرنوسەری (كەركوك ناو)، وتی "هەردوو بەرهەمەكە به‌بێ به‌رامبه‌ر خرایە به‌رده‌ستی فێرخوازان، دوای ئەوەی (كەركوك ناو) كاری وەرگێڕانی بۆ كردن".

وتیشی "ڤیدیۆ فێركارییەكان لە ئێستادا لە كەناڵی یوتوبی ئەكادیمیای فڕانس میدیا مۆند بەردەستن و لە ماوەیەكی نزیكیشدا لە بەشێكی تایبەتی ماڵپەڕی (كەركوك ناو) بڵاودەكرێنەوە".

ئەنتوان كۆرمێری، بەڕێوەبەری ئەكادیمیای فڕانس میدیا مۆند، لە پێشەكی نامیلكەی "ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی" دەنوسێت "ئامانجی له‌م رێبه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ رێنیشانده‌ر بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی پراكتیزه‌كردنی ئه‌م پیشه‌ جوانه‌ ده‌كه‌ن"، زیاتر دەنوسێت "نامیلكەكە ته‌واوكه‌رێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ ئه‌و ڤیدیۆ فێركارییه‌ ئه‌لیكترۆنیانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیاوە به‌رهه‌مهێنراون، به‌ پاڵپشتی باڵیۆزخانه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ عیراق، و به‌ هاوكاریی پڕۆفیسۆره‌كانی كۆلێژی میدیا له‌ زانكۆی به‌غدا و رۆژنامه‌نوسانی تۆڕی میدیایی عیراقی".

Namilka 2
هەولێر/ 3ی كانونی یەكەمی 2025/ مەراسیمی بڵاوكردنەوەی نامیلكەی "ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی" لە زانكۆی كوردستان - هەولێر. فۆتۆ: فەرمان سادق

 شۆڕش خالید لە پێشەكی نامیلكەكەدا نوسیویەتی "ژانری ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی، هێزی ئەوەی هەیە كە تینوێتی وەرگر بۆ زانیاریی نێو روداوەكان بشكێنێت و تێگەیشتنی رون دروستبكات بۆ پێشهاتەكانی دەوروبەر، تاوەكو بتوانێت بڕیاری دروستبدات دەربارەی ئەو روداوانەی كە لە ژینگەیەكدا رودەدەن".

بۆ ئەوەش پاڵپشتی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عیراق و ئەكادیمیای فڕانس میدیا مۆند و هاوبەشە عیراقییەكانی بەرزدەنرخێنێت و دەڵێت "ئەوان وایانكرد ئەم دەستپێشخەرییە رێچكەی خۆی وەربگرێت و بەكوردی بڵاوبكرێتەوە".

IMG_3992
هەولێر/ 3ی كانونی یەكەمی 2025/ بەرگی یەكەمی نامیلكەی "ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی". فۆتۆ: فەرمان سادق

وتیشی "لەگەڵ لێپرسراوانی ئەكادیمیای فڕانس میدیا مۆند لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەو مەراسیمە لە كۆلێژ و بەشەكانی راگەیاندن لە زانكۆكانی تری هەرێمی كوردستان رێكبخرێت و خوێندكاران سودمەنبدن لێی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT