عهبدوڵا سلێمان تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بوو، كاتێك گوندی قەرەسالم-ی لە ناوچەی شێخ بزێنی جێهێشت و رویكردە كەركوك.
لە گەڕەكی رەحیماوا دەستیكرد بە كاری هەلاجی، تەنیا ساڵی 2003 بۆ ماوەی یەك ساڵ وازی لە پیشەكەی هێنا، بەڵام ساڵی دواتر گەڕایەوە بۆ هەمان كار.
ئەو نزیكەی 60 ساڵە دۆشەك و سەرین لە لۆكە دروستدەكات. هێشتا كەمنین ئەوانەی بە سەرینی عەبدوڵای هەلاج نەبێت خەو ناچێتە چاویان.
وەك عەبدوڵا بە (كەركوك ناو)ی وت، دۆشەك و سەرینەكانی ئەوان تەندروستە و دەیان نەخۆش لەسەر رێنمایی پزیشك سەردانیان دەكەن.
عەبدوڵای هەلاج، کیلۆیەك لۆكە بە دوو هەزار و 500 دینار دەكڕێت و دۆشەكێكی یەك نەفەری بە نزیكەی 30 هەزار دینار لەسەر ئەو دەكەوێت. سەرینێكیش هەشت هەزار.
دوای شەش دەیە بەردەوامبون لەپیشەكەی، شتومەكی توركیی و ئێرانی بازاڕیان لاواز كردووە، بەڵام ئەو بۆتە هێمای مانەوە و لەناونەچونی پیشەی هەلاجیی و دەڵێت پێویستە خۆڕاگربین، چوكە هێشتا ئەو كەسانە زۆرن "ناتوانن بخەون ئەگەر پێخەفی ئێمە نەبێت".