لە ژینگەوە

پیشەیەكی خۆشەویست، بەڵام نایژێنێت

  • 2019-12-21
پیشەیەكی خۆشەویست، بەڵام نایژێنێت
خالید محەمەد (70 ساڵ)، 50 ساڵی تەمەنی بەكاری دارتاشییەوە سەرقاڵ بووە فۆتۆ: كاوران ساڵحی
كاروان ساڵحی

ناوم خالید محەمەد عەلىیە، لە ساڵى 1949 لە شارى کەرکوک لە دایکبوم و ساڵی 1970 دەستم بەكاری دارتاشی كرد لە گەڕەكی رەحیماوا.

کەرەستەکانی نێو ماڵ، کورسى دەسکدار و بێدەسک، و تاخمی دانیشتن، نوستن و خواردن، لەگەڵ دۆڵاب و جامخانە و شوێنى پێخەف هەڵگرتن دروستدەكەم. هەر شتیك بەدار دروستبكرێت دروستی دەكەم.

پیشەكەم زۆر خۆشدەوێت و ئەزمونێكی باشم پەیداكردووە.

لە ساڵانى هەشتاکانەوە ژورى بازرگانى کەرکوک، وەکو هاندانێک بۆ کارەکەمان و كارئاسانی بۆ دارتاشەكان، زۆرێك لە پێداویستییەكانی بۆ دابیندەكردین، لەوانە (سپرتۆ، دارى ساج و فایبەر، هەروەها بزمار)، بەڵام ئیتر لە ساڵی 2003ەوە ئەوە نەما.

پێشتر کارى دارتاشى زۆر بوو، بەڵام ئێستا وانییە، كارەكە سست بووە و خەڵكی زۆر دەستبەرداری ئەم پیشەیە بون.

كەلوپەلی توركی، بازاڕی نەهێشتین، خەڵك نازانێت شتی توركی هەر دیكۆرە، ئێمە كورسی دروستدەكەین و گرەنتی 10 ساڵی دەكەین.

خەریكە بەرەو ئەوە دەچین، نەتوانین بژێوی خۆمان و تەنانەت کرێی دوکانەکەش دەربكەین، بەڵام من خۆشەویستیم بۆ كارەكەم وایكردووە جارێ بەردەوامبم و وازی لێنەهێنم.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT