لە ژینگەوە

ئاواره‌ی سێ كه‌مپ له‌ ترشیاته‌كه‌ی عه‌زیز ده‌خۆن

  • 2020-02-21
ئاواره‌ی سێ كه‌مپ له‌ ترشیاته‌كه‌ی عه‌زیز ده‌خۆن
دهۆك، 2020، عه‌زیز و دوو برای چوار ساڵه‌ دوكانێكی فرۆشتنی ترشیات له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی كه‌به‌رتوو به‌رێوه‌ده‌بن فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز
عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

ناوم عه‌زیز مه‌تۆ، ته‌مه‌نم 28 ساڵه‌، خێزانه‌كه‌م زۆر به‌ناوبانگن له‌ دروستكردنی ترشیاتدا، ئه‌م پیشه‌یه له‌ باوكمه‌وه‌ فێربوم و ئه‌ویش له‌ باپیرمه‌وه‌ بۆی ماوه‌ته‌وه‌.

دوكانه‌كه‌م له‌ كه‌مپی كه‌به‌رتووی دهۆكه‌، چوار ساڵه‌ ترشیات ده‌فرۆشم و كڕیاره‌كانم هه‌مویان ئاواره‌ن، له‌به‌ر به‌ناوبانگی و تامی ترشیاته‌كه‌ ئاواره‌كانی سێ كه‌مپ دێنه‌ دوكانه‌كه‌ی من، به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی زستان، خه‌ڵك زۆر حه‌زی له‌ خواردنی ترشیاته‌.

ئیشی من له‌ هاوینه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وكاته‌ خه‌یار و ترۆزی و كه‌له‌رم له‌گه‌ڵ زه‌یتون، دوای شتنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنیان ده‌كه‌مه‌ ناوی پڕ له‌ خوێ، تا ده‌بن به‌ ترشیات، واته‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی خۆماڵییه‌ و زۆریش به‌ خاوێنی دروستیده‌كه‌م.

ترشیاتی زه‌رد و سورمان هه‌یه‌، ئاواره‌كان زیاتر حه‌زیان به‌ ترشیاتی زه‌رده‌، یه‌ك كیلۆ به‌ دوو هه‌زار دیناره‌ و رۆژانه‌ زیاتر له‌ 100 كیلۆ ده‌فرۆشین.

من شه‌ش برا و سێ خوشكم هه‌یه‌، ته‌نیا من له‌ دوكانه‌كه‌دا نیم، له‌گه‌ڵ دوو برای دیكه‌مدا كارده‌كه‌ین.

هه‌وڵی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كڕیاره‌كانمان قایل بن، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌وه‌ین له‌ ئاینده‌دا پیشه‌كه‌مان فراوانتر بكه‌ین و لقی دیكه‌ش بكه‌ینه‌وه‌، تا ئاواره‌كان ناچارنه‌بن به‌ بڕینی رێگایه‌كی دورتر و له‌ نزیكی خۆیانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ ترشیات بگات.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT