لە ژینگەوە

نه‌رڤین: گه‌وره‌ی ماڵم، دیزاینه‌رم و بژێوی خۆیشم دابینده‌كه‌م

  • 2020-03-11
نه‌رڤین: گه‌وره‌ی ماڵم، دیزاینه‌رم و بژێوی خۆیشم دابینده‌كه‌م
دهۆك، 2020، نه‌رڤین عادل (17 ساڵ) له‌ ئاواره‌ییدا سه‌رقاڵی دیزاینی جلوبه‌رگی خانمانه‌ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز
عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ته‌مه‌نم 17 ساڵه‌، من تاقه‌ كچ و گه‌وره‌ی چوار برام، باوكم ئه‌وه‌نده‌ی له‌ كرێكاری ده‌ستناكه‌وێت تا خه‌رجی منیش دابینبكات، بۆیه‌ ته‌نیا پشت به‌ توانا و به‌هره‌ی خۆم ده‌به‌ستم.

ناوم نه‌رڤین عادل-ـه‌، دوو ساڵه‌ سه‌رقاڵی دیزانیكردنی جلوبه‌رگم، له‌وه‌دا هه‌م گه‌شه‌ به‌ خولیای خۆم ده‌ده‌م و هه‌میش ده‌توانم تێچوی خوێندن و بژێوییم دابینبكه‌م، وه‌ك خوێندكارێكی قۆناغی یانزه‌ی زانستی.

ئێمه‌ ساڵانێكه‌ له‌ كه‌مپ ده‌ژین، باری دارایی خێزانه‌كه‌م زۆر خراپه‌، باوكم كرێكاریی ده‌كات، بۆ ئه‌و قورسه‌ بژێوی خێزانێكی حه‌وت كه‌سی دابینبكات، بۆیه‌ قه‌ت داوای پاره‌ی لێناكه‌م، چونكه‌ دواتر دڵته‌نگ ده‌بێت كه‌ ناتوانێت خه‌رجیمان دابینبكات، منیش ئه‌وه‌م ناوێت، ئاماده‌ش نیم ببمه‌ بارگرانی.

له‌ كاری دیزانیدا، هه‌ر له‌ ناو كه‌مپ ده‌یده‌م به‌و كه‌سانه‌ی به‌رگدرون، له‌ به‌رانبه‌ردا بڕه‌ پاره‌یه‌كی دیاریكراوم پێده‌ده‌ن، هیچ نه‌بێت به‌شی خه‌رجی كاتی خوێندم ده‌كات.

ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م، حه‌ز و خولیای منه‌، بۆیه‌ نه‌ك ده‌ستبه‌رداری نابم، به‌ڵكو هه‌موو هه‌وڵێكده‌ده‌م شوێنێكی تایبه‌ت به‌ خۆم هه‌بێت و زیاتر په‌ره‌ به‌ به‌هره‌ی دیزانی جلوبه‌رگی خانمان بده‌م.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT