من دیلان عابدین، 38 ساڵم، لە گەڕەكی ئەسراو مەفقودینی شاری كەركوك دادەنیشم.
چوار مانگە بە پڕۆژەیەكی هونەرییەوە سەرقاڵم، ئەوەش نمایشكردنی تابلۆیەكی تەنزئامێزە لەڕێی بەكارهێنانی ژمارەیەک بەرمیل.
سێ دانە بەرمیلی نەوتم خستۆتەسەر یەك، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی نەوت لە ئاستی مرۆڤەكان بەرزترە.
لەقەد بەرمیلەکان هەندێك وێنە و هێڵكارییم نەخشاندووە، لە نمونەی فڕۆکە، سەرباز و تانک، کە هەندێکیان دۆڕاون و هەندێکیان سەرکەوتون.
ئاماژەكە ئەوەیە هەموو شەڕەكان لەسەر ئەو نەوتەیە کە نە تەنیا دوكەڵەكەی بۆ كەركوكییەكانە. لەڕوی ژینگەشەوە کاریگەری خراپی بۆ سەر ئاسمان و کەشوهەوای شارەكەم هەیە.
بەگشتی پەیامی پڕۆژەكەم ئەوەیە، كە نەوت چارەنوسی هەموو خەڵکی پێوەبەندە، شەڕی وڵاتانی لەسەر دروستدەبێت. ئاوارە، دەربەدەریی و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
پڕۆژەكەم بۆ نوخبە نییە، بۆیە نەمبردە گەلەری، بەڵكو بۆ خەڵكی هەژاری كەركوكە و لە ناوچەیەكی هەژارنیشنی شارەكەدا دامنا.
واهەستدەکەم کارەکەم تێکەڵی خەڵک بووە، تێکەڵ بەئازار و مەینەتییەکانی کرێکار، هونەرمەند، هەژار و دەوڵەمەندیش بووە و هەموان لێی تێدەگەن.