لە ژینگەوە

عه‌باس له‌ كه‌ره‌نتینه‌دا 50 ته‌مبور دروستده‌كات

  • 2020-08-05
عه‌باس له‌ كه‌ره‌نتینه‌دا 50 ته‌مبور دروستده‌كات
دهۆك، 2020، عه‌باس ئه‌لیاس قولو (26 ساڵ) له‌كاتی دروستكردنی ئامێری ته‌مبور له‌ خێوه‌ته‌كه‌ی خۆیدا له‌ كه‌مپی بێرسیڤی زاخۆ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز
عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

له‌ مانگی شوباته‌وه‌ تا ته‌مموز، ئه‌وكاته‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌ره‌نتینه‌ بوین به‌هۆی كۆرۆناوه‌، نزیكه‌ی 50 ئامێری ته‌مبور-مان دروستكرد و هه‌موییم فرۆشت.

ناوم عه‌باس ئه‌لیاس قولو، ته‌مه‌نم 26 ساڵه‌، خه‌ڵكی ناوچه‌ی تل به‌ناتی شنگالم و شه‌ش ساڵه‌ له‌ كه‌مپی بێرسیڤ له‌ قه‌زای زاخۆ ئاواره‌م.

دوو ساڵه‌ كڕین و فرۆشتن به‌ ئامێری موزیكی ته‌مبور-ـه‌وه‌ ده‌كه‌م، ورده‌ورده‌ خۆم ده‌ستمكرد به‌ دروستی ته‌مبور، سه‌ره‌تا ته‌نیا بۆ دیاری و بۆ هاوڕێیانم، نه‌ك بۆ فرۆشتن.

له‌كاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و كه‌ره‌نتینه‌دا، له‌گه‌ڵ برایه‌كمدا بیرمان له‌وه‌كرده‌وه‌ خۆمان ته‌مبور دروستبكه‌ین، ده‌رفه‌ت بوو، ده‌ستمانپێكرد و سوپاس بۆ خوا سه‌ركه‌وتوو بوین.

سێ جۆر ته‌مبور دروستده‌كه‌ین؛ كرمانجی، سوری و توركی، خه‌ڵكی شنگال و ئاواره‌كان زیاتر حه‌ز به‌ ته‌مبوری كرمانجی ده‌كه‌ن.

ته‌مبوره‌كانی ئێمه‌ گه‌یشۆته‌ زۆر شوێن، له‌ كوردستانی سوریا، كوردستانی توركیا، ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌ڵمانیش خه‌ڵكی كڕیویه‌تی.

نرخی ته‌مبور به‌پێی كوالێتی و جۆره‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، له‌ 20 تا 125 هه‌زار دیناره‌.

دروستكردنی هه‌ر ته‌مبورێك، چه‌ند رۆژێكی ده‌وێت، كارێكی زۆر قورس نییه‌، به‌ڵام ئارامگرتنی زۆری ده‌وێت.

ئه‌مه‌ بژێویی ئێمه‌یه‌، هه‌م كارده‌كه‌ین و هه‌میش جاربه‌جار ته‌مبور ده‌ژه‌نین و گۆرانی ده‌ڵێین.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT