لە ژینگەوە

عه‌بدوڵا له‌كه‌ره‌نتینه‌دا ئۆتۆمبێلێك به‌ دار دروستده‌كات

  • 2020-11-16
عه‌بدوڵا له‌كه‌ره‌نتینه‌دا ئۆتۆمبێلێك به‌ دار دروستده‌كات
كه‌ركوك، تشرینی دوه‌می 2020، عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌دی دارتاش، له‌ ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌دا ئۆتۆمبێلێكی له‌ دار دروستكردووه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی
كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

 شه‌ش مانگی كه‌ره‌نتینه‌ و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ؛ بۆ من ده‌رفه‌تێكی باشی كاركردن بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا، توانیم ئۆتۆمبێلێك به‌ دار دروستبكه‌م.

ناوم عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د؛ به‌ عه‌بدوڵای دارتاش ناسراوم و له‌ ساڵی 1976 له‌دایكبوم، 32 ساڵه‌ له‌ كه‌ركوك سه‌رقاڵی پیشه‌ی دارتاشیم و خولیای چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلم هه‌یه‌.

به‌هۆی سه‌رقاڵی و كاری زۆری دارتاشییه‌وه‌، نه‌په‌رژامه‌ سه‌ر چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل، بۆیه‌ ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌هۆی كۆرۆناوه‌، بوو به‌ ده‌رفه‌ت و به‌ ئامانجه‌كه‌م گه‌یشتم.

له‌و ماوه‌یه‌دا، له‌ناو دوكانه‌كه‌ی خۆمدا له‌ گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا، توانیم ئۆتۆمبێلێك به‌ دار دروستبكه‌م، وا چه‌ند رۆژێكه‌ كاره‌كه‌م ته‌واو بووه‌ و ئێستا به‌ شه‌قامه‌كانی كه‌ركوكدا بێ گرفت ئۆتۆمبێلێكه‌كه‌م لێده‌خوڕم.

بۆ ئه‌و كاره‌؛ ئۆتۆمبێلێكی كۆن و وه‌رگه‌ڕام كڕی، ته‌نیا شانسییه‌كه‌ییم هێشته‌وه‌، گێڕ و مه‌كینه‌ی نوێم بۆ كڕی و له‌گه‌ڵ كرێكارێكمدا بۆدییه‌كه‌یمان به‌ دار دروستكرد.

ئۆتۆمبێله‌كه‌م له‌سه‌ر شێوازی مارسێدسێكی مۆدێل 1953 دروستكردووه‌، داری جۆرم ڤێكس-م به‌كارهێناوه‌.

ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ناوی خۆمه‌وه‌یه‌ و لۆگۆكه‌ی پیتی یه‌كه‌می ناوی خۆمه‌، به‌ زمانی عه‌ره‌بی.

خه‌ڵكێكی زۆر به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌م سه‌رسامن، وێنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌گرن، هه‌ندێكیش ده‌یانه‌وێت بیكڕن، به‌ڵام بۆ فرۆشتن نییه‌، ئه‌گه‌ر هاوكاریش بكرێم ده‌توانم كار و پرۆژه‌ی گه‌وره‌تر بكه‌م.

 

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT