من رەنا سلێمانم، ئێزیدیم و شەیدای موزیکم؛ کە داعش هێرشیكردە سەرمان و ئاواربوین، وتم ناتوانم جارێكی تر بەژەنینی موزیك شادببمەوە.
21 ساڵم و خوێندكاری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانم؛ خەڵکی ناحیەی سنونێم لە شنگال، بەڵام ئێستا ئاوارەم و لە کەمپی خانکێ دەژیم.
لە 2011دا، دەستم بە موزیك ژەنین کرد و خێزانەكەم هاوكارییان كردم. هەموو ئامێرێكی موزیك لە ماڵەكەماندایە.
لە ئاوارەییدا بیری موزیكم دەكرد، لەگەڵ خێزانەكەم لەنێو چادرێكدا دەستمان بە موزیك ژەنین كردەوە، ئەوەش زۆر دڵخۆشی كردم.
ئێستا لەناو كەمپەكە، لە رێكخراوێكی خێرخوازیدا راهێنان بە 14 كچی ئاوارە دەكەم؛ دوای پەیمانگە، نان دەخۆم و مەشق دەكەین. چوار ئەندامی گروپەكە رزگاربوی دەستی داعشن و فێری موزیك دەبن.
خوازیارین گۆرانییە کلتورییەکانمان بپارێزین؛ بەرگری لە شوناسمان بكەین و رەسەنایەتی ئێزیدییان پیشانی جیهان بدەین. جارێك چوینە بەریتانیا؛ لە زانكۆكان، پەرلەمان و كەنیسە گەورەكان كلتوری ئێزیدیمان لەڕێی موزیكەوە پیشانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا.
دواجار، پەیامەکە روونە؛ نە داعش و نە هیچ هێزێكی تر ناتوانێن كلتورمان بشێوێنن. ناتوانن موزیکمان بکەنە ژاوەژاو.