لە ژینگەوە

عه‌مشه‌: دوو هێنده‌ كارده‌كه‌م تا پاره‌ و خۆراك بۆ خێزانه‌كه‌م دابینبكه‌م

  • 2021-01-22
عه‌مشه‌: دوو هێنده‌ كارده‌كه‌م تا پاره‌ و خۆراك بۆ خێزانه‌كه‌م دابینبكه‌م
دهۆك، 2021، عه‌مشه‌ موراد (39 ساڵ) له‌ خێوه‌تێكی كه‌مپی ئاواره‌كاندا كاری به‌رگدوری ده‌كات فۆتۆ: یوسرا عه‌لی
یوسرا عه‌لی - نه‌ینه‌وا

ناوم عه‌مشه‌ موراد شه‌مۆیه‌، (39 ساڵ)ـم، چه‌كدارانی داعش مامم و هاوسه‌ره‌كه‌یان كوشت، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌شیان رفاندین له‌ نێویاندا براژنه‌كه‌م، به‌ڵام تائێستا هیچ هه‌واڵێكیان نازانین.

من و ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌مان توانیمان هه‌ڵبێین، به‌ڵام كه‌وتینه‌ ناو گه‌مارۆیه‌كی تونده‌وه‌ له‌ چیای شنگال، بێ خواردن و خواردنه‌وه‌ و شوێنی مانه‌وه‌ 9 رۆژ له‌وێ بوین.

له‌رێی سوریاوه‌ چیای شنگال_مان به‌جێهێشت، له‌وێ هاوكاریی كراین، دواتر گواستراینه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانی عیراق.

كاتی ئاواره‌یی له‌ كه‌مپ هه‌ستێكی سه‌یری خراپم هه‌بوو، كه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له‌ خه‌م و ناره‌حه‌تی و ناڕه‌زایی.

بۆیه‌ بڕیارمدا ده‌سته‌وه‌ستان دانه‌نیشم، دوای هاریكاریكردنم له‌لایه‌ن رێكخراوێكه‌وه‌ به‌ ئامێری درومان، ده‌ستمكرد به‌ دورینی جلوبه‌رگ و هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی دیكه‌.

له‌گه‌ڵ رێكخراوێكدا راهێنانم به‌ ژنان و كچان ده‌كرد تا فێری دورینی جلوبه‌رگ بن؛ به‌وه‌ش من دوو هێنده‌ كارمده‌كرد له‌ پێناو دابینكردنی پاره‌ و خۆراك بۆ خێزانه‌كه‌م.

ئێستا به‌یانیان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كاندا كارده‌كه‌م و ئێوارانیش له‌نێو خێوه‌ته‌كه‌ماندا سه‌رقاڵی دورینی جلوبه‌رگم.

له‌سه‌رده‌می كه‌ره‌نتینه‌ و كۆرۆنادا، له‌سه‌ر خه‌رجی خۆم 300 ده‌مامك_م دروستكرد و پێشكه‌شی بنكه‌ی ته‌ندروستی ناو كه‌مپه‌كه‌م كرد، جگه‌ له‌ 200 ده‌مامك بۆ رێكخراوه‌كان و كارمه‌ندانی پاككه‌ره‌وه‌ی شاره‌وانی.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT