ناوم شاهۆ سەڵاح-ەو 23 ساڵم، ئەم خانوەی تیایدا دەژیم تەمەنی 111 ساڵە و لە باپیرە گەورەمانەوە بۆمان ماوەتەوە.
خانوەكە دەكەوێتە گەڕەکی ئیمام قاسم، بەو پێیەی لە قەڵای كەركوكەوە نزیکە و هیچ خانویەک لەو سەردەمەدا ئەوەندە بەرز نەبووە، بۆیە ناونراوە کۆشکەکەی ساڵح ماڵی.
نەخش و نیگاری ئەم خانوە بە نۆ مانگ كراوە، عەلی نەقاش كە وەستایەكی توركمانی بەناوبانگ بوو دیزاینی كردووە، نەخشەكەی زیاتر شێوازی كۆشك و خانوی عوسمانییەكان بەسەریدا زاڵە.
نهۆمی یەکەم لە دوو ژور و هۆڵێکی گەورە و نهۆمی دووەمیش تەنیا دوو ژورە.
ژێرزەمینی خانوەکە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا نەوەکانی ساڵح ماڵی باپیرە گەورەمان بۆ خۆشاردنەوە لەكاتی رەشبگیریدا بەكاریاندەهێنا و خۆیان تیایدا دەشاردەوە.
زۆرێك لەکەرەستە و پێداویستییەكانی ناوی بۆ کاتی دروستکردنی خانوەكە دەگەڕێتەوە، لەوانە گۆیەكی شوشەی رەنگ شین، گۆزەی لە شوشە دروستکراو و دەفری خواردنی نەخشێنراو.
خانوەكە سێ نەوەی بەڕێكردوە و من نەوەی چوارەمم كە تیایدا دەژیم، مەگەر مردن و بارودۆخێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە لەم خانوە جیامانبكاتەوە.