لە ژینگەوە

ئه‌میر به‌ وێنه‌كێشان دڵی منداڵانی ئاواره‌ خۆشده‌كات

  • 2021-05-28
ئه‌میر به‌ وێنه‌كێشان دڵی منداڵانی ئاواره‌ خۆشده‌كات
دهۆك/ ئایاری 2021/ ئه‌میر جوندی، ئاواره‌ی نه‌ینه‌وا له‌ پاركی نه‌ورۆز وێنه‌ی خه‌ڵك ده‌كێشێت فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز
عه‌مار عه‌زیز - دهۆك

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ كاری رۆژانه‌م سه‌رقاڵی وێنه‌كێشانم، به‌و هونه‌ره‌ پاره‌ په‌یدا ده‌كه‌م و زۆرجاریش بێبه‌رامبه‌ر دڵی منداڵانی ئاواره‌ی پێ خۆشده‌كه‌م.

ناومی ئه‌میر جوندی سه‌بری_ـیه‌، خه‌ڵكی نه‌ینه‌وام و زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ ئاواره‌ی دهۆك بوین.

نه‌متوانی به‌هۆی بارودۆخی تایبه‌تی ژیانی خۆمه‌وه‌ خوێندن ته‌واو بكه‌م، بڕوانامه‌ی سێی ناوه‌ندیم هه‌یه‌ و له‌ موسڵ بوم كاتێك په‌ره‌م به‌ خولیای وێنه‌كێشان دا.

زیاتر له‌ چوار ساڵه‌ به‌ گرێبه‌ست وه‌ك كرێكاری شاره‌وانی دهۆك كارده‌كه‌م، دوای ده‌وام زۆربه‌ی كات ده‌چمه‌ پاركی نه‌ورۆز، له‌وێ وێنه‌ بۆ خه‌ڵك ده‌كێشم، زیاتر وێنه‌كانم ره‌ش و سپین، بۆ هه‌ر وێنه‌كیش 30 تا 40 خوله‌ك كاتم پێویسته‌.

دهۆك ئاواره‌ی زۆری تێدایه‌ و زۆرجار بۆ وێنه‌كێشانی خۆیان یان منداڵه‌كانیان دێنه‌ لای من، كارێكی جوانیان بۆ ده‌كه‌م و دواتریش ده‌ڵێم پاره‌ مه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی خۆم و دیارییه‌كه‌ بۆ ئێوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌شزانم پاره‌یان پێ نییه‌.

ده‌زانم ئاواره‌یی چه‌ند به‌ ئازاره‌ و به‌ چه‌ندین ناخۆشیدا تێپه‌ڕیون بۆیه‌ گرنگه‌ به‌لامه‌وه‌ به‌ وێنه‌یه‌ك دڵخۆشیان بكه‌م.

هه‌ندێكجار خه‌ڵك به‌ مۆبایل وێنه‌ ده‌نێرێت تا له‌سه‌ر كاغه‌ز وێنه‌كه‌ بكێشم، به‌ شه‌وانیش وێنه‌ ده‌كێشم و بڕێك پاره‌م ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی كاسبی بێت، ئه‌مه‌ خولیا و ئاواتی منه‌ و ناتوانم ده‌ستبه‌رداری بم.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT