لەكاتی كاركردنمدا وەك چالاكوانی مەدەنی لە شاری كەركوك، سەرنجمدا زۆرینەی ژنان حەزیان بە چێشتلێنان و ئیشی هەویر هەیە، ئەوەش بنەمای دروستبونی بیرۆكەی پرۆژەكەم بوو.
ناوم ئەسیل یاسری (44 ساڵ)ـم، بڕوانامەی بەكالۆریۆسم لە كارگێڕی و ئابوریدا هەیە، چێشتخانەیەكم كردۆتەوە بە ناوی (مەزایف ئەهلنا) كە تەواوی ستافەكەی لە ژنان پێكهاتون.
بیرۆكەكە لە بنەڕەتەوە بۆ خزمەتی ژنانی بێوەژن و ئەوانەبوو لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە، بەوپێیەی لە بارودۆخێكی سەختی داراییدان.
كۆمەڵگە و دەوروبەرم پاڵپشتێكی گەورەم بون، پرۆژەكە هەنگاوێكی باشە بۆ هاندانی ژنانی دیكە تا بچنە ناو بازاڕی كار و بەربەستەكان بشكێنن.
ئێستا لە چێشتخانەكەمدا پێنج كرێكاری ئافرەت بە كرێی رۆژانە كاردەكەن و هەوڵی زۆر دەدەن تا باشترین خواردنەكان دروستبكەن.
سەرەتا بیرۆكەكە سەركەوتنی باشی بەدەستهێنا، كڕیاری زۆرمان هەبوو، بەڵام بڵاوبونەوەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی دینار بەرانبەر دۆلار كاریگەری خراپی لەسەر كاری ئێمەش دانا.
من هێشتا دەستبەرداری كارەكەم نەبوم، چونكە سەرچاوی بژێوی ئەو ژنانەیە تیایدا كاردەكەن، خێزانەكانیان رۆژانە پشت بەو پارەیە دەبەستن لە چێشتخانەكەدا دەستیاندەكەوێت.
تكام لە ژنان ئەوەیە تەحەدای بارودۆخەكە بكەن، بە پەرۆشییەوە كاربكەن تا نەبنە نێچیرێكی ئاسان و تواناكانیشیان لەدەستبدەن.