ئەوەی لە ساڵانی رابردوو بەسەر موسڵدا هات ئاسان نەبوو، خەڵكەكەیشی نەیانتوانیووە ئەوەی بەهۆی داعشەوە چەشتوویانە تێیپەڕێنن، بە تایبەت كە هێشتا وێرانكارییەكانی شەڕ ماون.
من ناوم حوزەیفە حەسۆ (28 ساڵ)ـم، بەكالۆریۆسم لە زانستی كۆمەڵایەتیدا هەیە و زیاتر لە هەزار نامەم لە شاری موسڵ بڵاوكردۆتەوە كە ئەرێنی بووە و هانی خەڵكی داوە دوای خەونەكانیان بكەون، بەهیوا بن، بەردەوام چاوەڕێی باشتر بكەن و گوێ لە هاندانی نەرێنی نەگرن.
خەڵك سەرەتا بیرۆكەكەیان پێ سەیر بوو یان قورس بوو لێی تێبگەن، وایاندەزانی ئەو نامانە بێبەرانبەر نییە، بەڵام كاتێك دەستپێشخەرییەكەم روندەكردەوە، نامەكانیان دەخوێندەوە و زەردەخەنە دەكەوتە سەر روخساریان، ئەوەش هۆكاری دڵخۆشی من بوو.
هەروەها دەستپێشخەریم بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك دەربارەی مەترسییەكانی خێرایی لێخوڕین هەبوو، پۆستەرێكم بە دروشمەكانی ئاگاداركردنەوە چاپ كرد، تا شۆفێران وریابن لە مەترسی خێرایی كە رەنگە بەهۆیەوە هاوڵاتیان ژیانیان لەدەستبدەن، ئەوەشم لە چەند شەقامێكی قەرەباڵغی شاردا هەڵواسی.
لە مانگی رەمەزاندا دەستپێشخەرییەكم بە ناونیشانی (واز لە كرێی مانگێك بهێنە) راگەیاند و هانی خاوەن موڵكەكانم دا لەكرێی مانگێكی كرێچییەكانیان خۆشبن، بەهۆی خراپی گوزەران و باری دارایی هاوڵاتیانەوە.
ئامانج لەو دەستپێشخەرییە گەڕانەوەی موسڵی جاران بوو كە بەخەڵكەكەیەوە بە هێز بوو، دەمەوێت كاریگەری ئەوەی لەزانستی كۆمەڵایەتی فێربوم لەسەر رۆڵەكانی شارەكەم بیبینم.