بڕوانامەی یاسام هەیە، بەڵام هێندە ئارەزوم لە پاراستنی ژینگە و هەوڵی زیادكردنی سەوزایی هەیە، پێمخۆشە بە پارێزەری ژینگە ناوم بهێنن.
ناوم هەوراز نەجمەدین (30 ساڵ)ـم، لە حوزەیرانی ئەمساڵەوە 500 دارم چاندووە جگە لە گوڵ، ئێستا رۆژانە لانیكەم 15 نەمامی نوێ دەچێنم.
من یەكێكیش بوم لە بەشداربوانی هەڵمەتی چاندنی 10 هەزار نەمام بۆ گەڕەكەكانی كەركوك لە تشرینی دوەمی 2019دا.
لەرێی فەیسبوكەوە بانگەوازم دەستپێكردووە و دەمەوێت لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە دەستبكەم بە پێدانی نەمام بەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت لەبەردەم دەرگا و دوكان و ناو باخچەكانیاندا بیچێنن.
خەڵكێك زۆر پەیوەندییان كردووە و تەنیا دوو مەرجم هەیە؛ پێش وەرگرتنی نەمامەكە شوێنی چاندنی هەڵكەنرابێت، رۆژانە و تا یەك ساڵ ئاویان بدات.
نەمامەكان لە ماڵەكەی خۆمدا سەوز دەبن و دواتر دەیانگوازمەوە بۆ ماڵی داپیرەم، لەوێ ئاویان دەدەم و گەورەدەبن، دواتر دابەشیان دەكەم، چونكە خانوەكەی خۆم 100مەتری دوجایە و شوێنی پێویستم نییە.
شاری كەركوكم زۆر خۆشدەوێت، لەوێ سەوزایی كەمە و ژینگە لەمەترسیدایە، بۆیە ئامانجمە سودێك بە شارەكەم بگەیەنم.
لەم هەنگاوەدا تەنیام، كەس هاوكاری نەكردوم، هەرچەندە لەروی داراییەوە خەرجی زۆری دەوێت، بەڵام تا تەمەن بمێنێت وازناهێنم و ئامانجە گەورەكەم ئەوەیە یەك ملیۆن شەتڵی نەمام لەگەڵ هاوڵاتیانی كەركوكدا بچێنم.