لە جیاتی كڕینی ئاڵتون و ئاهەنگی هاوسەرگیری و گەشتی مانگی هەنگوینی، دوكانێكمان لە شنگال بۆ دوو گەنجی بێكار كردەوە تا بە داهاتەكەی هاوكاری منداڵانی بێسەرپەرشت بكەین.
من ناوم نایف سەبری-ـیە، چالاكوانی مەدەنیم لە شنگال و تازە ژیانی هاوبەشم لەگەڵ مونا خێرو پێكهێناوە، بەڵام پێكەوە رێككەوتین ئاهەنگ نەگێڕین، پارە لە ئاڵتون و مانگی هەنگوینیدا خەرجنەكەن.
بەو پارەیەی لە بەردەستماندا بوو، لە كۆڵان و لە ناو خانوە روخاوەكانی ناوەندی قەزای شنگال، خواردنگەیەكی بچوكمان بۆ دوو گەنج كردەوە و ناوماننا (دیلەك بۆ خواردنی خێرا).
ئێمە هەر لەو وێرانكارییەی شەڕی داعش لە شنگال وێنەی هاوسەرگیرمان گرت.
راستە مەراسیمەكانی هاوسەرگیری لە ئاهەنگ و گەشتی مانگی هەنگوینی خەونی هەموو كوڕ و كچێكە، بەڵام ئامانجەكەی ئێمە گرنگتر بوو، ئەویش هاوكاری منداڵانی بێسەرپەرشتە.
لە یەكەم رۆژی كردنەوەی خواردنگەكەدا 70 منداڵی بێسەرپەرشت لەوێ نانیان خوارد و لەمەودوا داهاتەكەیشی هەر بۆ ئەوان دەبێت.
هاوسەرەكەم وتی لەبری كڕینی ئاڵتون، دابینكردنی بژێوی و خەرجی خوێندنی منداڵێكی بێسەرپەرشت هەموو دنیا دەهێنێت.
ئەوەی كردومانە هەنگاوێكی بچوك و كەمە بەراورد بەو ئازار و نەهامەتییانەی بەسەر گەلی ئێزیدیدا هات.