شارەزاییم هەیە لە کۆمەڵێک بواری وەرزشیدا، وەک کۆنگفو، تایکواندۆ، جودۆ، کاراتێ، یۆگا و چەند بوارێکی تر.
ناوم حەیدەر رەشۆیە، تەمەنم 23 ساڵە، وەرزشوانێکی دانیشتوی کۆمەڵگەی بورکی سەر بە قەزای شنگالم، خەون و ئامانجم ئەوەیە ببمە وەرزشوانێکی نێودەوڵەتی و ببم بە ئەستێرەیەک.
هەر لە منداڵییەوە سەیری فیلمەکانی ئاکشنم دەکرد و لاساییم دەکردنەوە بۆ ئەوەی فێری هونەرە جەنگییەکان بم و پەرە بە تواناکانم بدەم.
بەهۆی خۆشەویستیم بۆ وەرزش، زۆربەی کاتەکانم بە مەشق و راکردن بەسەر دەبرد، بەڵام بەداخەوە زۆر جار لەڕێی ئەکاونتی فەیسبوکەکەمەوە یاخود لەسەر شەقامەکان دوچاری گاڵتەپێکردن و هەراسانکردن دەبوم.
حەز دەکەم هەموو ژیانم لەگەڵ وەرزش و مەشقکردن بەسەرببەم و هەوڵدەدەم بگەمە قۆناغی پێشکەوتوتر و بەشداری بکەم لە پاڵەوانێتیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
نەبونی هۆڵی وەرزشی گەورە، ئامێر و کەلوپەلی پێویست لە ناوچەکەماندا رێگربووە لە بەرەوپێشچونم.
داوا لە کۆمەڵگەکەم دەکەم، بەتایبەتی توێژی گەنجان، لەبری ئەوەی توانجی روخێنەر و هەراسانکەرم ئاراستە بکەن، پاڵپشتیم بکەن و هاندەرم بن.