لە ژینگەوە

لای ئەمیر؛ بێ پارە قژت ببڕە

  • 2021-09-03
لای ئەمیر؛ بێ پارە قژت ببڕە
دهۆك/ ئابی 2021/ ئەمیر نەواف (27 ساڵ) لە نێو دوكانی سەرتاشییەكەیدا لە نزیك كەمپی ئاوارەكانی خانكێ فۆتۆ: عەمار عەزیز
عەمار عەزیز - دهۆك

پارە لە هیچ هاوڵاتییەكی هەژار وەرناگرم؛ بە تایبەت لە نێو ئاوارەكاندا، چونكە خۆم ئاوارەم و لە نەهامەتییەكانیان باشتر تێدەگەم.

ناوم ئەمیر نەواف عەجۆ (27 ساڵ)ـم، حەوت ساڵ لەمەوبەر لە كۆمەڵگەی گۆهبەلی شنگالەوە بەهۆی داعشەوە ئاوارەبوین و لە نزیكی كەمپی خانكێی دهۆك نیشتەجێین.

لە سەرتاشخانەی هاوڕێیەكەمدا كارمدەكرد، ئەو گەڕایەوە بۆ شنگال و من دوكانەكەم لێی كڕی، وادوو ساڵە بەردەوامم، لە یەككاتدا دەتوانم هاوكاری خەڵك بكەم و بژێویی خۆیشم دابینبكەم.

پارە لە خەڵكی هەژار وەرناگرم، منداڵ هەیە بە هەزار دینارەوە دێت و پارەكەیان بۆ دەگەڕێنمەوە، نەك هەر ئەوە، زۆرجار خۆم داوا لە چەندین كەس دەكەم كە بێ بەرانبەر قژیان بۆ ببڕم وەك هاوكارییەك.

رۆژانە رەنگە 15 كەس بێنە دوكانەم، بەشێكیان سێ هەزار دینار دادەنێن، پێی قایلین و بەشێك لە پێداویستییەكانی خێزانەكەم پڕدەكاتەوە.

من چەند ساڵێكە هاوسەرگیریم كردووە و باوكی دوو منداڵم.

زۆر حەز بە پیشەكەم دەكەم؛ بۆیە بەردەوام هەوڵدەدەم بە كاری جوان، خەڵك سەردانم بكەنەوە.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT