لە ژینگەوە

شیرینییەكانی تاقانەی حەوت برا

  • 2021-09-21
شیرینییەكانی تاقانەی حەوت برا
نەینەوا/ 2021/ جیلان خەڵەف (24 ساڵ) لەگەڵ هاوڕێیەكیدا دوكانی دروستكردنی شیرینی و خواردەمەنی لە ناحیەی سنونێی شنگال كردۆتەوە فۆتۆ: ناوبراو بۆ (كەركوك ناو)ی ناردووە
عەمار عەزیز - نەینەوا

ناوم جیلان خەڵەف موراد (24 ساڵ)ـم، پێنج مانگە دوكانێكی دروستكردنی شیرینی و خواردەمەنیم لە ناحیەی سنونێی شنگال كردۆتەوە و ئێستا دەتوانم بڵێم؛ خاوەنكارم.

خراپی گوزەرانی خێزانەكەم لە خوێندنی دابڕیم، بەهۆی ئاوارەییشەوە نەمتوانی بگەڕێمەوە و درێژە بە خوێندن بدەم، بۆیە هەر بڕوانامەی شەشی سەرەتاییم هەیە.

من تاقانەی حەوت برام، هەندێكیان تەمەنیان بچوكە و ناتوانن كاری دەرەوە بكەن، ئەوانیتر سەرقاڵی كرێكاریین، پێكەوە هەموان لەگەڵ باوكم بژێویی دابیندەكەین.

من ماوەی سێ ساڵ شاگردی دوكانێكی دروستكردنی شیرینی بوم، نەمویست هەر وابمێنمەوە، فێری پیشەكە بوم و لەگەڵ كچێكی تردا، لە بەهاری ئەمساڵدا دوكانێكمان بە ساڵانەی ملیۆنێك دینار بەكرێ گرت و دەستمانكرد بە كاركردن.

ئێمە شیرینی وەك كێك و كولیچەمان هەیە لەگەڵ پیتزا و هەمبەرگر.

شیرینییەكانمان زیاتر لەسەر داواكاری و خواستی كڕیارە، بە تایبەت كێك بۆ یادەكانی لە دایكبون، رۆژانە 15 تا 20 هەزار دینار قازانج دەكەین.

ئێمە نیازمان نییە لەم ئاستەدا رابوەستین، ئەگەر هاوكاری حكومی یان رێكخراوەكان هەبێت، دەمانەوێت و دەتوانین پیشەكەمان فراوانتر بكەین.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT