بەلای منەوە چاككردنی تەباخی ماڵان خۆشترین پیشە؛ ئێستا من ناوێكی جێی متمانەم لەو پیشەیەدا و هەر تەباخێكم چاككردبێتەوە بە دەگمەن جارێكیتر پێویستی بە وەستا هەیە.
ناوم نیسان حەنا ئورو، (73 ساڵ)ـم، لە كریستیانەكانی قەزای شێخان-ــم و وا دەگاتە 27 ساڵ كە سەرقاڵی پیشەی چاككردنەوەی تەباخ دەكەم و تا لە ژیانیشدا بمێنم وازی لێناهێنم.
من تا سێی ناوەندیم خوێندووە و بەكۆمەڵێك هۆكار كاتی خۆی نەمتوانی بەردەوامبم، بۆیە لە قەرەبوی خوێندنەكەمدا ئەو پیشەم هەڵبژارد و ئێستا سەرچاوەی بژێوی خێزانەكەمە، كە خێزانێكی گەورەن، چونكە باوكی شەش منداڵم.
رۆژانە لە كاتژمێر 7ـی بەیانییەوە دەچمە دوكان و گەڕانەوەم لەسەر كاركردنم وەستاوە، ئەگەر تەباخێكم لەبەردەستدا بێت تا چاكی نەكەمەوە ناگەڕێمەوە بۆ ماڵ.
پیشەكە وەك جاران نەماوە؛ روو لە كزییە، بە تایبەت لەدوای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە خەڵكێكی زۆر بێكار و بێ پارە بون، بۆیە لە بەرانبەر چاككردنەوەی هەر تەباخێكیشدا پێنج تا 10 هەزار دینار وەردەگرم، هەندێكجاریش زیاتر، بەڵام بەجۆرێك چاكی دەكەمەوە، خراپبونەوەی نییە.