لە ژینگەوە

لەپێناو خوێندنی خوشك و براكانم، وازم لە خوێندن هێنا

  • 2021-11-20
لەپێناو خوێندنی خوشك و براكانم، وازم لە خوێندن هێنا
رێزان خەلەف، لەناو دوكانەكەیدا لە كەمپی باجید کەندالا. فۆتۆ: عەمار عەزیز
عەمار عەزیز

من رێزان خەلەف موراد (18ساڵ)م، لەناو خێزانەکەمدا كەس نییە بژێوی ژیانمان پەیدابكات، باوكم لە 2017ەوە بە روداوی هاتوچۆ گیانیلەدەستداوە و ئیتر لەوكاتەوە من بۆ كاركردن وازم لە خوێندن هێناوە.

ساڵێکە دوکانێکى جلوبەرگی منداڵ و هەرزەکارانم لەناو کەمپی ئاوارەییدا كردۆتەوە، بەوە بژێوی ژیانی خێزانەكەم پەیدا دەكەم.

برایەك و پێنج خوشكم هەیە، هەمویان خوێندكارن و لەپێناو بەردەوامی بە خوێندنی ئەواندا دوو ساڵ لەمەوبەر بڕیارمدا واز لە خوێندن بهێنم و كاربكەم.

حەوت ساڵە لە ئاوارەییدا و لە كەمپی باجید کەندالا لەنێو خێوەتدا دەژین، پێش هاتنی داعش بۆ سنگال، لە کۆمەڵگاى سیبا شێخ خدر لەو قەزایە نیشتەجێبوین.

دوای ئەوەی باوكممان لەدەستدا، كەس بژێوی ژیانی بۆ دابیننەدەكردین. سەرەتا ئیشی كرێكاریم دەكرد، بەڵام ساڵێك لەمەوبەر بڕیارمدا ئەم دوكانە بكەمەوە، ئەوەش بەهاوكاریی رێكخراوێكی خێرخوازی.

لەڕاستیدا حەزم نەدەکرد واز لە خوێندن بهێنم، بەڵام ئەو بڕیارە ناچاریی بوو. ئێستا دڵخۆشم كە بەهۆی منەوە خوشك و براكانم بەردەوامن لە خوێندن.

بەشێک لە پارەکەم بۆ خەرجى ئەوان و بەشەکەى تری بۆ پێداویستى نێوماڵە.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT