دڵخوازترین خواردنی دەستی من لای كڕیارەكانم فەلافلە؛ تام و چێژێكی تایبەتی هەیە و بەر لە هەموو خواردەمەنییەكانی دیكەش تەواو دەبێت.
ناوم باسم سادق عیسا (54 ساڵ)ـم، لە دوكانێكی بچوكی ناوەندی ناحیەی ئەلقوش خواردەمەنی دروستدەكەم؛ فەلافل، بەرگر، سۆسچ و هەندێكجار كەبابیشمان هەیە، بەڵام زۆرینە هەر فەلافلیان دەوێت.
من 27 ساڵی رەبەقە فەلافل دەفرۆشم، شارەزاییەكی باشم لە دروستكردنیدا هەیە و بەوهۆیەوە دەمێكە بوم بە كەسێكی ناسراوی ئەلقوش.
رۆژانە لە 5ـی بەیانییەوە تا كاتژمێر 2ـی دوانیوەڕۆ و بگرە زیاتریش لە دوكان دەمێنمەوە، شاگردم نییە و جاربەجار كوڕەكەم هاوكاریم دەكات، بەڵام هەر خۆم كەرەستەی خواردەمەنییەكان و فەلافل ئامادەدەكەم.
زۆر حەزم بە كەلوپەلی كۆن و فۆلكلۆرییە، ئەوەش لە دوكانەكەمدا رەنگیداوەتەوە، بۆیە كڕیارەكانم لەگەڵ چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی لەفەیەكی فەلافلدا وێنەش بۆ یادگاری دەگرن.
زۆرترین فرۆشی من فەلافلە، ئینجا خواردەمەنییەكانی تر، بۆیە هەموو هەوڵێكم بۆ ئەوەیە ئەو تام و چێژەی وەك خۆی بمێنێتەوە و ناوی منیش وەك یادەوەرییەكی جوان لەناو خەڵكی شارەكەمدا بمێنێت.