دوای دەیان ساڵ لە مامۆستایەتی؛ نەمتوانی لەگەڵ خانەنشینیدا رابێم و پشوو بدەم، بۆیە دوكانێكم كردەوە و چەندین ساڵە كاسبی دەكەم.
ناوم جەرجیس ئیسماعیل سیڤانا (76 ساڵ)ـم، لە دانیشتوانە رەسەنەكەی ناحیەی ئەلقوش-ـم لە دەشتی نەینەوا، ماوەی 10 ساڵە دوكانێكم داناوە و بەهارات دەفرۆشم.
من لە ساڵی 1971ـدا دامەزرام، بوم بە مامۆستا لە خوێندنگەیەكی ناحیەی سنونێی قەزای شنگال و دوای 27 ساڵ لە خزمەت خانەنشین بوم، ماوەیەك لە ماڵەوە بوم و بێزار بوم، بیرمكردەوە چۆن خۆم سەرقاڵ بكەم، بیرۆكەكەش ئەو دوكانە بوو.
من جگە لەوەی كاتەكانم لەو دوكانە بەڕێدەكەم، بژێوییەكیشی بۆ خێزانەكەم تێدایە كە شەش كچ و كوڕێكم هەیە، رۆژانە 10 هەزار دینارمان دەستدەكەوێت، هەندێكجار كەمترە و ناگاتە پێنج هەزار دینار.
لە دوكانەكەی مندا 15 جۆر بەهارات هەن؛ چوار جۆری بەرهەمی ناحیەی ئەلقوشە ئەوانیتر لە دهۆك و موسڵەوە دەهێنرێن.
سروشتم وایە؛ زۆر كەم دەمەوێت دابنیشم و دەمەوێت كاسبی بكەم؛ بە تایبەت دوكانی فرۆشتنی بەهارات یەكێك بوو لە حەزەكانی من.