لە ژینگەوە

عەمار بەدەم دەنوسێت و بە زمان یارییە ئەلكترۆنییەكان دەكات

  • 2022-01-26
عەمار بەدەم دەنوسێت و بە زمان یارییە ئەلكترۆنییەكان دەكات
عەمار یاسر (شەش ساڵ)، قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایی. فۆتۆ: كەركوك ناو
كەركوك ناو

من ناوم عەمار یاسرە، شەش ساڵم و قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتاییم، هەردوو دەست و هەردوو قاچم بەشێوەیەکی ئاسایی کارناكەن.

ناتوانم لەسەر پێیەکانی خۆم بوەستم، ناشتوانم بە دەستەكانم نان بخۆم و نوسین و ئەرکەکانی قوتابخانەم جێبەجێ بكەم.

قەڵەمەکە توند بە دەمم دەگرم و ئەو ئەرکانەی مامۆستا پێم دەدات لە ماڵەوە دەینوسمەوە، دەتوانم هەر بە دەمم مۆبایل بەکاربهێنم و یارییه ئەلیکترۆنییەکان بە دەم و زمانم دەكەم.

دایکم رۆژانە بۆ قوتابخانە دەمبات و دەمهێنێتەوە، هاوڕێیەکانم منیان خۆشدەوێت و منیش ئەوانم خۆشدەوێت.

حەز دەکەم وەک هەر منداڵێکی دیکە بە پێیەکانی خۆم بەڕێگادا بڕۆم و بچم بۆ قوتابخانە، زۆرم حەز لێیە بچمە کۆڵان و لەگەڵ منداڵانی گەڕەک یاری بکەم.

دەڵێن نەخۆشییەکەم چارەسەری هەیە، داواکارم لە حکومەت و خێرخوازان یارمەتیم بدەن و بتوانم نەشتەرگەری بکەم، چونكە بە تەنیا دایك و باوكم ناتوانن چارەسەری نەخۆشییەكەم بكەن.

زۆرم حەز بە خواردنی خۆشە و بەتایبەتی گوڵەبەڕۆژە، بە زمانم ناوکە گوڵەبەڕۆژەکە هەڵدەگرم و دەیخەمە دەممەوە و دەیقرتێنم.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT