ناوم خەولا ئوسمان (37 ساڵ)ـم، حەوت ساڵ لەمەوبەر بەهۆی هێرشەكانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" بە ناچاری لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگالەوە ئاوارەبوین، بەڵام كۆڵم نەدا و خۆم رادەستی "قەدەر" نەكرد.
ئێستا لە كەمپی ئاوارەكانی كەبەرتوو لە پارێزگای دهۆك دەژیم، هەر لەوێ دوكانێكی بچوكی دورینی جلوبەرگم بە تەنیشت خێوەتەكەمانەوە كردۆتەوە، مەكینەیەكی دورومانم بە 400 هەزار دینار كڕی، كە 200 هەزار دینارم داوە و 200 هەزار دیناری قەرزە.
من ناتوانم ئەو قەرزە بدەمەوە چونكە رۆژانە حەوت هەزار دینارم دەستدەكەوێت و بەشێكی بۆ خەرجی منداڵەكانم دەڕوات.
شەش مانگە سەرقاڵی ئەم پیشەیەم؛ لە دابینكردنی بژێوی خێزانەكەمدا بەشداری دەكەم، هاوسەرەكەشم كرێكاری دەكات، بۆیە پەروەردەكردنی منداڵ و كاروباری ماڵەوەش هەر من دەیكەم.
تائێستا هیچ كەسێك یان رێكخراوێك پاڵپشتی ئێمەی نەكردووە، هەوڵدەدەم پرۆژەكەم فراوانتر بكەم و مەكینەی دیكەی دورومان بكڕم، تا بتوانم بژێوی و پێداویستییەكانی خێزانەكەم دابینبكەم.