ناوم ئیلهام کەلەشە و 27 ساڵم، لە ناوەندی ناحیەی سنونێ دەژیم لە شنگال، پێنج ساڵە وێنە دەكێشم، ئازارەكانی ژنانی ئاوارە، بەوێنە دەگێڕمەوە.
ساڵى 2020 بڕوانامەى ئایتى-م لە زانکۆى موسڵ بەدەستهێناوە، بەڵام زیاتر كاتەكانم بە وێنەكشان بەسەردەبەم.
20 تابلۆى رەنگاو رەنگم هەیە، لەگەڵ 50 وێنەى رەش و سپى، تابلۆ و وێنەکانم زیاتر لەسەر ژنانە، بەتایبەت توندوتیژى دژى ژنان، هەروەها سەختى ژیانى ئاوارەكان لەنێو كەمپەكاندا و دۆخى ئێزیدییەکان بە شێوەیەکى گشتى.
هەر لەمنداڵیەوە زۆر حەزم لە هونەرى وێنەکێشان بوو، لە ساڵی 2017ەوە تاوەکو ئێستا سەرقاڵى وێنەکێشانى تابلۆ و وێنەی رەش و سپىم.
هەر کەسێک داوام لێبکات وێنەی بكێشم، دەتوانم لە ماوەیەكی كورتدا وێنەكەی بۆ تەواوبكەم.
لەگەڵ رێکخراوەکان وەک راهێنەر لە بوارى وێنەکێشان کارمکردووە، چەندین خولى راهێنانم لەسەر ئەم بوارە بۆ بەشداربووانم بەتایبەت بۆ ئاوارەكانی كەمپ کردۆتەوە.
هیچ تابلۆیەکى خۆم نەفرۆشتووە، لەڕاستیدا ئەوەندەی دەمەوێت ئەوەی لە ناخمدا هەیە بە وێنە بیگەیەنم، ئەوەندە مەبەستم پەیداكردنی پارە نییە. لەگەڵئەوەشدا هە،لدەدەم پەرەی زیاتر بەم حەز و هیوایەم بدەم.