لە ژینگەوە

محەمەد بۆ پاراستنی ژینگە و خۆپارێزی لە كۆرۆنا وێنە دەكێشێت

  • 2022-07-27
محەمەد بۆ پاراستنی ژینگە و خۆپارێزی لە كۆرۆنا وێنە دەكێشێت
نەینەوا/ تەمموزی 2022/ هونەرمەند محەمەد حاسك لەكاتی كێشانی وێنە لەسەر دەموچاوی منداڵێك فۆتۆ: كەركوك ناو
كەركوك ناو / نەینەوا

ناوم محەمەد جاسم (27 ساڵ)ـم، خەڵكی ناحیەی عەیازییەی قەزای تەلەعفەرم لە پارێزگای نەینەوا و بڕوانامەی بەكالۆریۆسم لە هونەرە جوانەكانی زانكۆی موسڵ بەدەستهێناوە.

لە منداڵییەوە خولیا و حەزم بۆ وێنەكێشان بووە، خۆشبەختانە باوكیشم هەر هەمان خولیا هەبووە، ئەو وێنەكێش و خۆشنوسیشە، بۆیە ئەوە زیاتر هانیدام و رۆڵی هەبوو لە گەشەپێدانیی تواناكانمدا.

من پێشتر ئاوارەی كەركوك بوم، دوو ساڵە گەڕاومەتەوە بۆ عەیازییە و بینینی ئەو وێرانكارییانەی بونە هۆی ئازاردانم.

لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان فێری كێشانی هێڵەكان و رەنگكردن و دیزاین و گرافیك بوم، وێنەی سەر دیوار بە بۆیەی ئاویی و زەیتی دەكێشم و گرافیك دروستدەكەم.

هەروەها حەزم بە وەرزش هەیە، لە هێڵی بەرگریكاری تیپی میللی یاری دەكەم، لەگەڵ ئەوەشدا نواندن و دەرهێنان و نوسینی سیناریۆ لە خولیاكانی دیكەمە.

ژمارەیەك نوسراوی دەستخۆشی و رێزلێنانم لە لایەنە رەسمییەكان و رێكخراوەكانەوە وەرگرتووە، كە دواترینیان نوسراوێكی دەستخۆشیی دیوانی پارێزگای كەربەلا بوو لەبەرانبەر (هونەری نوسینی شانۆگەری بۆ منداڵان)ـدا.

دەیان تابلۆ و وێنەی سەر دیوارم هەیە، لە خوێندنگە و فەرمانگە و شوێنە گشتییەكانی عەیازییە و تەلەعفەر، وەك هاندانێك بۆ نەهێشتن و بنەبڕكردنیی توندوتیژی و توندەڕەوی بەئامانجی بەهێزكردنی پێكەوەژیان و رۆحی هاوڵاتیی بون و خۆپارێزی لە كۆرۆنا و پارێزگاری لە ژینگە.

هونەرمەندان پێویستیان بە پاڵپشتیی و چاودێریی هەیە بە تایبەت ئەو كەسانەی لە سەرەتای كاركردندان تا پەرە بە توانا و بەهرەكانیان بدرێت.

 

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT