ناوم ئەیمەن خان، تەمەنم 22 ساڵە و چەندین بەهرەم هەیە لەوانە نەخشاندن لەسەر دار، وێنەكێشان، ژەنین، كاری دەستیی و چنین.
خەڵكی قەزای تەلەعفەری خۆرئاوای نەینەوام و لە كۆلێژی زانستی كۆمپیوتەر لە زانكۆی موسڵ خوێندكارم.
هەندێك پێیانسەیرە كوڕ كاری چنین بكات و ئەو بەهرەیەی هەبێت، چونكە پێیانوایە هونەرێكی تایبەت بە ژنانە، بەڵام خۆشەویستی من بۆ ئەو بەهرەیە وایلێكردم لەڕێی ئینتەرنێتەوە خۆم فێر بكەم.
ئەوانەی بینەری بەرهەمەكانم بون، پێشوازی گەورەیان لێكرد و داوای كاری چنینی تایبەتیان كرد، منیش بۆیان دەچنم.
لە كارەكانمدا جانتای ژنان، نەخشاندن لەسەر هێڵەك، بوكەڵەی گیانداران، بەرگ بۆ ئینجانە و لامپا دەچنم.
لە چەندین چالاكی و پێشانگە بەشدار بوم و هەوڵدەدەم لەگەڵ خوێندنەكەمدا پەرەی زیاتر بە تواناكانیشم بدەم.
هونەر و بەهرەكانی من پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە تا زیاتر گەشەیان پێبدەم بە تایبەت ئێستا كە خواستی لەسەر بەرهەمەكانم هەیە، چونكە پێشتر بەهۆی بارودۆخی ئەمنی تەلەعفەرەوە ئەو بەهرانە دەرنەدەكەوتن و ئێستاش كاتەكە گونجاوە تا لەو رێیەوە پەیامی خۆشەویستی و ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بە ئامانجی نەهێشتنی توندڕەوی بگەیەنین.