لە ژینگەوە

فاخر؛ ئیشی من سڕینەوەی بیری داعشە

  • 2022-09-06
فاخر؛ ئیشی من سڕینەوەی بیری داعشە
نەینەوا/ 2022/ فاخر خەڵەف، لە ناو پۆلێكی ئایینی بۆ فێركردنی منداڵانی ئێزیدی فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو
عەمار عەزیز - نەینەوا

ناوم فاخر خەڵەف (32 ساڵ)ـم، چەندین ساڵە وانەی ئایینی ئێزیدییان بە منداڵان دەڵێمەوە و ساڵانێكیشە ئیشی سەرەكی من بۆتە سڕینەوەی ئەو بیر و بۆچونانەی چەكدارانی داعش لای نەوەی ئێزیدی بەجێیانهێشتووە.

لەگەڵ وتنەوەی وانەدا؛ من فەرمانبەرم لە مەزارگەی سوڵتان ئێزیدی لە ناوەندی قەزای شنگال، بە ناونیشانی خلمەتكار و سەرپەرشتی نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك مەزارگەی ئایینیش دەكەم.

پێشتریش هەر مامۆستای وانەی ئێزیدییات بوم و هەوڵدەدەم منداڵان فێری چۆنیەتی دوعاكردن، سەردانی مەزارگە ئایینییەكان، رەوشتی ئێزیدییەكان، پێكەوەژیان، قەول و وتەی ئایینیی بكەم.

شەش مانگێك دەبێت دوو خوێندنگەی تایبەتی ئایینییمان كردۆتەوە و نزیكەی 100 خوێندكارمان هەیە، كە تەنیا رۆژانی چوارشەممە وانەی ئایینی دەخوێنن.

هیچ بابەتێكی ئایینی لای من قورس نییە، بەڵام لە فێركردنی منداڵانی رزگاربوی دەستی داعش ماندودەبم، چونكە فێری زۆر بیروبۆچونی توندڕەوی و خراپ بون، بەوپێیەی لە كۆی زیاتر لە شەش هەزار رفێنراوی ئێزیدی، بەشێكیان منداڵ بون و لە نێویاندا هەن دوای چەند ساڵێك رزگاركراون.

من دەمەوێت منداڵەكانمان جگە لە شارەزایی لە ئایینی ئێزیدی، رێز لە ئایینەكانی دیكە بگرن و هانی پێكەوەژیانی ئایینی بدەن.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT