من خالیدا شەمۆ (28ساڵ) خەڵکی شنگالم، زانستی دەرونیم تەواوكردووە و هەشت ساڵە لە كەمپی ئاوارەیی لە خانكێ لە پارێزگای دهۆك دەژیم.
كە هاتینە كەمپ، كارەبای مۆلیدە نەبوو، هاوینان زۆر گەرمامان بوو، كارەبای نیشتیمانیش باش نەبوو، شوێنێك نەبوو پشوییەكی لێبدەین، هەموی تۆز و خۆڵ بوو، بیرمكردەوە چۆن ئەو تۆز و خۆڵە بۆ ژینگەیەكی باشتر بگۆڕم و شوێنێك دروستبكەم تا خێزانەكەم پشویەكی لێبدەن.
وردەوردە کۆمەڵێک گوڵم لەبەردەم كەرەڤانەكەماندا چاند، لە مانگی ئادار تاوەكو بارانبارین ئیشم تیاكرد، كارەكە بۆ كەمپ قورس بوو، بەڵام كۆڵمنەدا.
ساڵی دواتر كاری زیاترم تیاكرد، روبەری سەوزاییم زیادكرد و چەندین جۆرە گوڵم تیاچاند، هەركات بێتاقەت دەبوم و دەهاتمە ناو باخچەكەمەوە و خزمەتم دەكردن و بۆنی گوڵەكان دڵخۆشیان دەكردم. تا وایلێهات ئێستا دەبینن ژینگەی كەرەڤانەكە و كەمپەكەشم گۆڕیوە.
چەندین خێزانی تر هەمان هەنگاویان نا، بەردەم ماڵی خۆیان كردە چیمەن و گوڵ و درەخت، ئەوەی دڵخۆشم دەكات ئەوەیە بیرۆكەكەم بوەهۆی ئەوەی سیمای بەشێك لە كەمپەكە جوانتر بكەین.