ناوم حسێن حەجی ئوسمان، بە حسێن باعەدرێ ناسراوم، لە بیرۆكەیەكی نوێدا؛ قەوانی فیشەكی چەكدارانی داعش كە بەرەو روی هاوڵاتیانی ئێزیدی تەقاندویانە، كۆیاندەكەمەوە و دەیانكەم بە تابلۆی ئاشتیی و پێكەوەژیان.
دوو ساڵ لەمەوبەر بوو، لەگەڵ رزگاربوانی ئێزیدی دەستی داعش سەردانی گوندی كۆچۆی شنگالمان كرد، لەوێ 13 گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیان هەبوو، هەر لەوێش بیرۆكەكەم بۆ دروستبوو.
زیاد لە دوو هەزار فیشەك و قەوانی فیشەكی دەمانچە، دۆشكە، بیكەیسی و چەندین جۆری دیكەم كۆكردۆتەوە.
تائێستا 25 تابلۆم لە فیشەك و قەوانی فیشەك دروستكردووە، كە شێوەی كۆتر و دار و تەمبورم لێ بەرهەمهێناوە، تەنیا ئامانجیشم ئەوەیە؛ بە جیهان بڵێم بەو فیشەكانەی داعش سەدان كەسی لە شنگال پێ كردە قوربانی، ئێمە دەیگۆڕین بۆ تابلۆی ئاشتی و مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان، ئێمە شەڕمان ناوێت و حەزمان بە ئاشتییە.
تابلۆكانم لە پەرلەمانی كوردستان، باعەدرێ، شێخان و زۆر شوێنی دیكەش نمایش كردووە.
جگە لە كاری هونەری، چالاكوان و نوسەریشم، 12 كتێبی نوسراوم هەیە و شەش كتێبیان لەسەر كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لە 3ـی ئابی 2014، كە بەشێكیان بریتیین لە چیرۆكی ئەو كچ و ژنانەی لەژێر دەستی داعش رزگاربون.