لە ژینگەوە

دوو خانەقینی گرەو لەسەر پاراستنی شارەكەیان لە پلاستیك و بە بیابانبون دەکەن

  • 2024-01-09
دوو خانەقینی گرەو لەسەر پاراستنی شارەكەیان لە پلاستیك و بە بیابانبون دەکەن
رابیعە عەباس، پزیشكی پسپۆڕی سۆنارە، هاوكات چالاكوانی مەدەنییە لە خانەقین و نزیكەی دوو ساڵە كار بۆ گرنگیدان بە ژینگە دەكات. فۆتۆ: رابیعە بۆ كەركوك ناو-ی ناردوە
ئەمیر خانەقینی

هەردوو پڕۆژەكەی رابیعە و فواد پێكەوە دەستپێدەكەن، دوو پڕۆژەی جیاواز، بەڵام یەك ئەمانج كۆیاندەكاتەوە؛ رزگاركردنی ژینگە و كەشوهەوای خانەقین، لەڕێی هەڵگرتنەوەی پلاستیك و چاندنی نەمام لە شوێنیاندا.

لە كارگەكەی فواد رەحمان، رۆژانە نزیكەی دوو تۆن پلاستیكی فڕێدراو دەهاڕن و نایەڵن تێكەڵ بە ژینگە بكرێن، كە بەشێكیان دەخرێنە ژێر زەوییەوە و بەشەكەی دیكەی دەسوتێنرێن.

سوتاندنی پلاستیكەكە وایكردووە، رابیعە عەباس بە خۆبەخشی و كۆكردنەوەی كۆمەك، زیاتر لە هەزار نەمام بڕوێنێت، تا كەمێك لە كاریگەرییە خراپەكانی كەمبكاتەوە.

رێژەی سەوزایی لە خانەقین، سەروو سەدا چواری كەمیكردووە لە شەش ساڵی رابردودا، كە ئەوەش هێندەی دیكە مەترسی پیسبونی كەشوهەوای لێدەكەوێتەوە، بەهۆی دوكەڵی ژەهراوی سوتاندنی خۆڵ و خاشاك، كە رۆژانە زیاتر لە 50 تۆن ماددەی پلاستیكی تێدایە، ئەویش بەپێی وتەی سەرۆكی شارەوانی خانەقین.

"ئامانجێكی سەرەكی ئەوەیە قەبارەی پلاستیكی فڕێدراو لە شەقام و كۆڵانەكانی شاردا كەمبكەینەوە، تا سودێك بە ژینگە بگەیەنین و بیپارێزین" فواد رەحمان وای وت.

ئامانجێكی سەرەكی ئەوەیە قەبارەی پلاستیكی فڕێدراو لە شەقام و كۆڵانەكانی شاردا كەمبكەینەوە

شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی خانەقین، كە رۆژانە نزیكەی 150 تۆنە بە ناوشار و گوندەكانەوە، تەنیا كیلۆمەترێک لە شوێنی نیشتەجێبونەوە دوورە، هەر لەوێش بەشێكی دەسوتێنرێت.

"بە چاندنی نەمام دەمانەوێت خەڵكی شار هەناسەیەكی پاك هەڵمژن، چونكە دوكەڵی سوتاندنی خاشاك دەچێتە ئاسمان، ئامانجێكی گەورەتریش ئەوەیە رێگەنەدەین ناوچەكە بەرەو بە بیابانبون بڕوات" رابیعە عەباس، لە بارەی هەڵمەتە خۆبەخشییەكەیەوە وادەڵێت.

d314f231-bcdd-444f-b582-72cb13a19689
فواد رەحمان (48 ساڵ)، شەش مانگە كارگەی هاڕینی پلاستیكی لە گوندی "ئەمین باپیر"ـی باكوری خانەقین داناوە. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

رابیعە عەباس، لە چلەكانی تەمەنیدایە، پزیشكی پسپۆڕی سۆنارە، كلینیكی تایبەت بە خۆی هەیە و هەفتانە دوو رۆژ بە خۆبەخشی لە نەخۆشخانەی حكومی كاردەكات، لەگەڵ ئەوەشدا چالاكوانی مەدەنییە لە خانەقین و نزیكەی دوو ساڵە كار بۆ گرنگیدان بە ژینگە دەكات.

ژمارەی دانيشتوانى ناوەندی خانەقین و گوندەكانی دەوروبەری لە 135 هەزار كەس پێكهاتون، كە زۆرینە لە 36 گەڕەكدا نیشتەجێن، قەزاكەش وەك ناوچەیەكی جێناكۆك لە باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە -180كم باكوری بەغدا-، پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كورد، عەرەب، توركمان، كریستیان و كاكەیی تێدایە.

هەردوو پرۆژەكە هێشتا نوێین؛ لە چارەكی سەرەتای ئەمساڵ (2023)ـەوە هەنگاوی كردارییان بۆ نراوە، هێشتا دەرەنجامەكانیان بەزەقی دیار نین، بەڵام "ئومێدی گەورەیان" لەسەر بنیاننراوە.

 

ژینگەیەك بەبێ ژەهر

كارگەیەكی هاڕینی پلاستیك لە خانەقین، بۆتە سەرەتایەكی ئومێدبەخش و بیركردنەوە لە بنیاتنانی ریسایكلین.

فواد رەحمان (48 ساڵ)، شەش مانگە كارگەكەی لە گوندی "ئەمین باپیر"ـی باكوری خانەقین خستۆتەكار، دوای ئەوەی لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بیر لە دامەزراندنی دەكەنەوە، بە ئامانجی دۆزینەوەی كار و بژێوی، پێش ئەوەی پرۆژەكە ئامانجێكی سەرەكیی ببێتە بە پاراستنی ژینگە.

"بڕیارماندا یەكەم كارگەی هاڕینی پلاستیك دابمەزرێنین، بۆیە پێشتر بەشێك لە پلاستیك كۆدەكرانەوە و دەگواسترانەوە بۆ شارەكانی تر" فواد ئۆتۆمبێلەكەی دەفرۆشێت و بە پارەكەی كارگەكە دادەنێت، سەرەتا تەنیا ئامێری هاڕینی پلاستیك دەكڕێت.

لە دەستپێكی كاركردندا، رۆژانە چەند سەد كیلۆیەك پلاستیكیان دەستدەكەوێت، بەوپێیەی تێكەڵ بە خاشاكی دیكە دەكرێن و جیاناكرێتەوە، تا دواتر پەرە بە پیشەكە دەدەن و لەڕێی كرێكارەوە، پلاستیكی زیاتر كۆدەكەنەوە و ئامێرێكی دیكەی هاڕینی پلاستیك دەكڕن.

"ئێستا ئامانجێكی ئیشەكە بۆتە پاراستنی ژینگە و نامانەوێت تەنیا پرۆژەیەكی قازانج ویست بێت" بەوتەی فواد رەحمان.

ئێستا ئامانجێكی ئیشەكە بۆتە پاراستنی ژینگە و نامانەوێت تەنیا پرۆژەیەكی قازانج ویست بێت

دوو شارەوانی لە خانەقین هەیە؛ یەكێكیان سەر بە حكومەتی فیدراڵی و ئەویتر سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بە هەردوكیان رۆژانە نزیكەی 150 تۆن خۆڵ و خاشاك لە ناوشار و گوندەكاندا كۆدەكەنەوە، ئەوەش بەپێی ئاماری هەردوو بۆ (كەركوك ناو)، كە خەمڵاندنیان وایە لەو ژمارەیە نزیكەی نیوەی لە پلاستیك پێكهاتووە.

سۆران عەلی، سەرۆكی شارەوانەی خانەقین -سەر بە حكومەتی هەرێم- وتى "ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیایەكدا هەیە و لەو سنورانەی بۆمان دانراوە، رۆژانە نزیكەی 80 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكەینەوە، سەدا 50ـی پلاستیكە"، ئەو دەشڵێت ئامارەكانی هەبونی پلاستیك ورد نین، تەنیا خەمڵاندن و لەكاتی كۆكردنەوەی خاشاكدا كراوە، كە زۆرینەی لە پلاستیك پێكدێت، بەوپێیەی هیچ سيستەمێكیان نییە جۆر و رێژەی خاشاكی فڕێدراو دیاریبكات.

128db006-c7fb-4cfb-9660-b21650fbd6cf
خانەقین. فڕێدانی خۆڵ و خاشاك لە دەوروبەری خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

رابيعە عەباس، چالاكوانی ژینگەیە لە خانەقین، دەڵێت "بارودۆخی ژینگەى شارەكە رۆژ لە دوای رۆژ پیستر دەبێت، بەبۆنەی سوتاندنی ناوچەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، كە دوكەڵێكی پیس ڕوودەكاتە خانەقین، چونكە ناوچەكە زۆر نزیكە لە گەڕەكەكان".

هەروەها رونیكردەوە هۆشیاری ژینگەیی وایكردووە هەڵمەتی سەوزكردن دەستپێبكەن، "چونكە بەشێكی زۆری خۆڵ و خاشاكەكان پلاستيكن و كاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ"، رابیعە پێیوایە پێویستە كاربكرێت بۆ دورخستنەوەی شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك.

پلاستیك زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت؛ كاریگەری لەسەر كرداری پیتاندن و چالاكی هۆرمۆنی و مێشك دادەنێت، لە سوتاندنیدا هەوا پیس دەبێت، ئەوەش بەپێی هۆشدارییەكانی رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ئامارەكانیدا بڵاویشیكردۆتەوە، ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە 400 ملیۆن تۆن ماددەی پلاستیكی بەرهەمدەهێنرێت، كە نیوەی تەنیا بۆ یەكجار بەكارهێنانە و كەمتر لە سەدا 10ـیان جارێكیتر بۆ دروستكردنی كەرەستەی دیكە بەكاردەهێنرێنەوە.

سەرۆكی شارەوانی وتی "خەڵك پلاستیك زۆر بەكاردەهێنن، وەك بوتڵی ئاو، سفرەی سەفەری و قاپی سەفەری خواردن، لەگەڵ نایلۆن و چەندین كەرەستەی دیكە كە رۆژانە بەكاریدەهێنن بۆ یەكجار و دواتر فڕێیدەدەن"، سۆران عەلی ئاماژەی بەوەدا خاشاكی كۆكراوە دەخرێنە ژێر زەوییەوە و هەندێكیشی كرێكار بۆ دەستكەوتنی ئاسن و ماددەی دیكە لە نێو خاشاكەكەدا، دەیسوتێنن.

 

چەند ئامانجێك بە یەك هەنگاو

كارگەكەی فواد رەحمان بە كرداری ئێستا رۆژانە نزیكەی دوو تۆن پلاستیكی فڕێدراو لە كۆڵ ژینگەی خانەقین دەكاتەوە.

"رۆژانە دوو تۆن پلاستیك دەهاڕین، كە ئەوەش كاریگەری باشی لەسەر ژینگەی شارەكەمان هەیە و رێژەی فڕێدانی پلاستیك رۆژانە دوو تۆن كەمبۆتەوە" فواد وای وت، ئەو لەگەڵ پاراستنی ژینگەدا، چەندین هەلیكاری رەخساندووە، "لە كارگەكەماندا، كە دوو ئامێری هاڕینمان هەیە، نزیكەی 20 كرێكار كاردەكەن و بژێوییان لەسەر ئەم كارەیە".

xwrmaa
خانەقین/ ئابی 2021/ باخێكی خورما دوای سوتاندن و وشككردنی. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

فواد دەڵێت لە بەرەبەیانەوە تا خۆرئاوابون، كرێكارەكان بەدوای پلاستیكدا دەگەڕێن، لە كۆڵان و شەقام و شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، هەر كیلۆیەكی بە 150 تا 300 دینار دەكڕێت، ئەو نرخەش بەپێی جۆری پلاستیكەكە دەگۆڕێت، دوای هاڕینیان، بەرهەمەكە هەفتانە بە بازرگان و كارگەكانی بەرهەمێهنانی كەرەستەی پلاستیك لە شار و پارێزگاكانی دیكە دەفرۆشن.

چەندین كرێكاری دیكە رۆژانە لە ناوچە جیاوازەكانی خانەقینەوە پلاستیك بۆ كارگەكە كۆدەكەنەوە.

شێرزاد ئاغامراد، یەكێكە لەو كرێكارانەی لە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی خانەقین پلاستیك كۆدەكاتەوە و دەیبات بۆ كارگەكەی فواد، ئەو وتی "رۆژانە 10 بۆ 15 كرێكار لەم ناوچەیە پلاستیك كۆدەكەینەوە و دەیفرۆشینەوە بە كارگەی هاڕینی پلاستیك، ئەم كارە سەرچاوەی بژێویی ئێمەیە و رۆژانە لەوڕێگەیەوە 15 تا 20 هەزار دینارمان دەستدەكەوێت".

نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵدەدات تا ساڵی 2040 رێژەی پیسبون بە پلاستیك لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی سەدا 80 كەمبكاتەوە بەسێ رێگا و گۆڕانكاری لە بازاڕدا.

یەكەمیان بەكارهێنانی ئەو كەرەستانەیە كە بەكاردەهێنرێنەوە، وەك شوشەی ئاو، رێگای دووەم دوبارە بەگەڕخستنەوەی ماددەكاندا لە كارگەكاندا، وەك ئەوەی فواد رەحمان دەیكات، تا جارێكیتر پلاستیكەكان لە دروستكردنەوەی كەرەستدا بەكاربهێنرێن، رێگای سێیەمیش گۆڕانكارییە لە كەرەستە و ماددەی پیشەسازییەكاندا، دەكرێت لە بری پلاستیك وەكو نایلۆن كاغەز بەكاربهێنرێت یان هەر مادەیەكی دیكە كە توانای شیبونەوەی هەیە.

هەر ئەو مەترسییانەی پلاستیك وایكردوە رابیعە عەباس، لەمساڵدا هەزار نەمام بچێنێت، بە هاوكاری و هەماهەنگی گروپی ھەرەوەزی و چالاکوانان، دواى ئەوەی بە پارەی كۆمەك نەمامەكانیان كڕیووە.

"هەستمان بە مەترسی و لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا كردووە، بۆیە نەماممان چاندووە لە شوێنە گشتییەكان و گەڕەكەكاندا، تا هەناسەیەكی پاك بۆ خەڵكی شارەكەمان دابينبكەين" رابیعە دەڵێت "ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت تا رێگری بكەین لە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و بە بیابانبون و بۆ ئەوەیە سەوزایی زیاتر بكەین، چونكە خانەقین دەیان باخی تێدایە".

هەستمان بە مەترسی و لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا كردووە، بۆیە نەماممان چاندووە لە شوێنە گشتییەكان و گەڕەكەكاندا

لە خانەقین نزیكەی دوو هەزار و 500 هەزار دۆنم باخ هەن و زۆرینەیان خورمان.

عامر حەیدەر، دانیشتوی گەڕەكی بەختیاری، كە گەڕەكێكی میللی خانەقینە، وتی "پێش هەڵمەتەكانی نەمام چاندن رێژەی سەوزایی لەم گەڕەكەدا كەم بوو، بەڵام ئێستا دار و سەوزایی زۆری تێدایە، خەڵكی گەڕەكیش هۆشیاری زیاتریان دەربارەی گرنگیدان بە چاندنی نەمام هەیە، بەوپێیەی دەستپێشخەری دەكەن بۆ چاندنی نەمام، ئەوەش بەهۆی كاریگەری هەوڵەكانی دكتۆرە رابیعەوە بووە".

بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە روبەری سەوزایی لە سەروی سەدا 15ــــەوە بێت.

سەرۆكی شارەوانی ئاشكرایكرد رێژەی سەوزایی لە خانەقین كەمبۆتەوە، "تا ساڵی 2017 رێژەی سەوزایی سەدا 17.2 بوو، بەڵام ئێستا دابەزیووە بۆ نزیكەی سەدا 13، بەهۆی لەناوبردنی باخەكانی خانەقینەوە" بەبێ خستنەڕوی وردەكاری زیاتر، سۆران عەلی دەشڵێت لە هەوڵدان شوێنی فڕێدانی خوڵ و خاشاك بگۆڕن، بەڵام ئەوە كات و بڕیاردانی دەوێت، بۆیە لە پرۆسەیەكی خێراتردا، دەیانەوێت پۆلیس چاودێری بكات تا كەس خاشاك نەسوتێنێت كە دوكەڵەكەی دەچێتە ئاسمانی شار و گوندەكان.

732c8da2-69d8-4c4e-b9c5-e0c1978bf5e1
كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بۆ كارگەی هاڕینی پلاستیك لە خانەقین،. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

دوو پرۆژەكەی فواد و رابیعە؛ هەنگاوی گەورەتری لێدەكەوێتەوە و ژینگەی خانەقین، بە دوای ئەوەوەیە كارگەی ریسایكلین و ئامێری زیاتری هاڕینی پلاستیك دابنرێت.

سەرچاوەیەك لە هۆبەی ژینگەی خانەقین، -بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە-، وتی "رێژەیەكی زۆری پلاستیك هەیە و كاریگەری خراپی كردۆتەوە سەر ژینگە، كە كاتی زۆری دەوێت بۆ شیبونەوە لەناو خاكدا، بۆیە ئاسانكاری دەكەین هەر كەسێك كارگەی هاڕینی پلاستیك و ریسایكلین دابنێت، یان هەر پرۆژەیەكی دیكە سودی بۆ ژینگە هەبێت".

هەروەها دەڵێت هەوڵیان هەیە تا ناوچەی فڕێدانی ئێستای خۆڵ و خاشاكی خانەقین دابخرێت، بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئەمنییەوە بڕیاری دورخستنەوەی ئەو ناوچەیە جێبەجێنەكراوە. سەرچاوەكە وردەكاری زیاتری لەبارەی ئەو هۆكارەوە ئاشكرانەكرد.

 

پاراستنی ژینگە؛ توانای زیاتری دەوێت

چاندنی نەمام؛ هەنگاوی یەكەمە و دواتر پێویستی بە خزمەت و ئاودان و چاودێری هەیە، رەنگە هەموو ئەوانەش لە توانای رابیعە عەباس و هاوكارەكانیدا نەبێت، كە بە خۆبەخشی كاردەكەن.

كێشەیەكی دیكە لە بەردەمیاندا كەمبونەوەی سەرچاوەكانی ئاوە بەهۆی لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا، كە نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت، عیراق پێنجەم وڵاتی كاریگەرە بەو گۆڕانكارییانەی رودەدەن.

"پێویستە هاوكاری هەبێت تا سەوزایی زیاتر بكەین و ئەم هەڵمەتە فراوان بكەین" ئەوە داواكاری رابیعە بوو.

ساڵانە چەندین روداوی ئاگركەوتنەوە لە باخەكانی خانەقین رودەدەن كە گومان هەیە بەشێكیان بە ئەنقەست و لە پێناو دروستكردنی شوێنی بازرگانی یان نیشتەجێبون بێت لە شوێنی باخەكاندا.

هەمان ئەو كێشانەی لە هەڵمەتی سەوزكردندا هەیە، بۆ فواد رەحمان دێتە پێش، چونكە كەمكردنەوەی رێژەی زیاتری پلاستیك، لە توانای كارگەكەیدا نییە، ئەو تا بیەوێت زیاتر بە فریای ژینگە بكەوێت، پێویستی بە دەستی كار و ئامێری زیاترە، لەگەڵ وزەی كارەبا، كە زۆربەی پارێزگاكانی عیراق بەدەست كەمبونەوەیەوە دەناڵێنن.

ئەو بیرۆكەی دانانی كارگەی ریسایكلینی هەیە تا پلاستیەكە هاڕاوەكە نەچێتە دەرەوە و هەر لەوێ كەرەستەی دیكەی پێ دروستبكەن، بەڵام بەربەستەكانی بەردەمی كەم نین، "پێشتر پلاستیكی هاڕاو هەناردە دەكرا بەڵام ئێستا قەدەغەیە بۆیە ئێمە زیان دەكەین، چونكە لەناوخۆدا نرخی كەمتر لە جارانمان پێدەدەن".

لەگەڵ ئەوەشدا، نیگەرانییەكانی فواد رەحمان زیاتر بەهۆی نەبونی هاوكاری هیچ لایەنێكی حكومی یان رێكخراوێكەوەیە، "ئەگەر پاڵپشتی و هاوكاری هەبێت، دەتوانم كارەكەم فراوانتر بكەم و رۆژانە نزیكەی 10 تۆن پلاستیك لە ژینگەدا هەڵبگرمەوە، ئەوە یەكێكە لە ئاواتەكانیشم كە هەوڵی بەدیهێنانی دەدەم".

 

ئەو ڕاپۆرتە لەچوارچێوەی پڕۆژەی دەنگەکانمان، کە ڕێکخراوی ئینتەرنیوز جێبەجێی دەکات، بەرهەمهێنراوە.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT