گەڵای بەشێك لە دار هەنجیرەكانی شنگال دەوەرن، یان بەرهەمەكەی بەرلەوەی پێبگات وشكدەبن، جوتیاران كە زەرەرمەندی یەكەمن هۆكارەكەی بۆ خۆڵبارین و بەرزبونەوەی پلەی گەرما دەگەڕێننەوە. بەڵام چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ درەختەكان لەكاتی خۆڵباریندا وەك هۆكارێكی تر باسدەكرێت.
بەرهەمی هەنجیر لە عیراق زیاتر لە دوو هەفتەیە هاتۆتەبەر، قەزای شنگال لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، بە یەكێك لەو ناوچانەی عیراق دادەنرێت كە هەنجیرەكەی شیرین و بەتامە. بەڵام لە ئیستادا كەمبونەوەی بەرهەمەكەی جێی نیگەرانی جوتیارانە.
داود عەمەر قولو، خەڵكی كۆمەڵگەی بۆركەیە لە سنوری ناحیەی سنونێ لە شنگال، باخێكی 300 دار هەنجیری هەیە لە گوندەكەی خۆی (كەرسێ)، دەڵێت بەشێك لە دارەكانی بە تەواوی وشكبون، بەشێكی تری بەرهەمەكەی بەكەڵك نایات، ئەو ژمارەی دارە وشكبووەكانی لا نەبوو، بەڵام وتی كە چاوەڕێ دەكات بەرهەمی ئەمساڵ زۆر كەمبكات.
ساڵی رابردوو داود زیاتر لە 10 تۆن هەنجیری فرۆشتووە، بەگشتی هەر دارێك نزیكەی 35 كیلۆ بەرهەمی هەبووە. نرخی هەر كیلۆیەك هەنجیری لە نێوان پێنج تا 15 هەزار دینار بووە، وەك داود جەختیلێكردەوە، ئەو نرخەش بەپێی كاتی پێگەیشتنی هەنجیری ناوچەكانی تر گۆڕانكاریی بەسەردا دەهات.
كەشوهەوا بەگشتی لە ناوچەكە گۆڕاوە، خۆڵ لەسەر گەڵا و بەرهەمی هەنجیرەكان دەنیشێت، هەر بۆیە بەشێكی بەرلەوەی پێبگات وشكدەبێت. داود وتی "خۆڵبارین كاریگەریی خراپی كردۆتەوە سەر بەرهەمەكان... هۆكارێكی تر رەنگە ئەوە بێت ئەمساڵ پلەی گەرما بەرزترە".
بەرهەمی هەنجیری شنگال زیاتر لە بازاڕەكانی موسڵ و دهۆك ساغدەكرێتەوە، "هەنجیرەكەی تامێكی تایبەتی هەیە، رەنگی جوانترە بەراورد بە ناوچەكانی تر، ئەوەش وایكردووە خواستی زۆری لەسەر بێت".
لە هەشتی ئابدا، رێكخراوی كەشناسی جیهانی، سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، مانگی تەمموزی ئەمساڵی وەك گەرمترین مانگ لە 120 هەزار ساڵی رابردودا وەسفكرد.
لە عیراق ئەمساڵ 52 پلەی سیلیزی تۆماركرا، ئەوەش لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە. هەرچی پارێزگای نەینەوایە – شنگال بەشێكە لەو پارێزگایە- گەیشتە 49 پلەی سیلیزی.
داود وتی "هەرچۆنیك بێت، ناتوانین دەستبەرداری باخەكانمان بین، چونكە هیچ داهاتێكی ترمان نییە، دەبێت بیر لە پاراستنیان بكەینەوە".
هەرچۆنیك بێت، ناتوانین دەستبەرداری باخەكانمان بین، چونكە هیچ داهاتێكی ترمان نییە
بەپێی ئامارەكانی هەردوو هۆبەی كشتوكاڵی شنگال و سنونێ، 50 هەزار داری هەنجیری تۆماركراو لە قەزای شنگال هەن و زۆرینەیان كە 40 هەزار دارە كەوتۆتە ناحیەی سنونێ-وە. بەڵام ئەمە ئاماری تەواوی باخەكان نین، چونكە وەك لێپرسراوانی كشتوكاڵی دەڵێن كەم نین ئەوانەی تۆمارنەكراون.
خەیرى قاسم خودێدا، لەگەڵ دوو برای باخێكی 1000 دار هەنجیری هەیە لە ناحیەی سنونێ، بەرهەمی نزیكەی 400 داری وشكبون. ئەویش هۆكارەكەی بۆ هەمان ئەو هۆكارانە گەڕاندەوە كە داود عەمەر باسیكرد.
خەیری دەڵێت ساڵی رابردوو بە بەهای 25 ملیۆن دیناری عیراقی هەنجیری فرۆشتووە، چاوەڕواندەكات ئەمساڵ بۆ 15 ملیۆن كەمبێتەوە.
بەگشتی هەنجیر لە كۆتایی مانگی تەمموزدا پێدەگات و تا كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم بەرهەمی هەیە.
"فەرمانگەى چاندن و هۆبەی كشتوكاڵی ناحییەکە ئاگادارى دۆخى ئێمەیە، بەڵام پێموانییە دەسەڵاتیان هەبێت بۆ هاوكاریكردنمان"، خەیری وایوت.
تەڵاڵ سەعید، شارەزا لە بواری چاندن (بڕوانامەی ماجستێری هەیە لەو بوارە)و لە شنگال دادەنیشێت، رێنمایی جوتیاران دەكات لە دوای خۆڵبارین داری هەنجیرەكان نەشۆنەوە، "دەبێتەهۆی وشكبونی گەڵا و بەرهەم و هەندێكجار تەواوی دارەكەش"، زیاتر وتی "پێویستە لە دوای خۆڵبارین دەرمانی تایبەت وەربگیرێت و پێویستە ئەو دەرمانە بپرژێنن بەسەر داری هەنجیرەكەدا تا كاریگەری خۆڵبارینەكە نەمێنێت".
ئەو ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەو مەبەستە رێنمایی و هۆشیاریی بە جوتیاران بدات، ئەگەر پشتگیری هەبێت. وتی "هۆشیاركردنەوەی جوتیاران لەم ناوچەیە سفرە، بۆیە بەرهەمەكانیان كەمدەكات و درەختەكان وشكدەبن".
"كەمی ئاو و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما زیانی بۆ هەموو بەرهەمێك هەبووە، پێویستە جوتیاران رێنمایی باش بكرێن لەبارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ باخەكانیاندا بكەن لەكاتی گۆڕانی كەشوهەوادا، ئەوەش لەپێناو پاراستنی بەرهەمەكانیان"، تەڵان سەعید وایوت.
پێویستە جوتیاران رێنمایی باش بكرێن لەبارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ باخەكانیاندا بكەن لەكاتی گۆڕانی كەشوهەوادا
بەپێی ئاماری نا فەرمی هۆبەی چاندن لە شنگال، ئەمساڵ نزیكەی 4000 داری هەنجیر خۆی یان بەرهەمەكەی وشكبون.
محسن عەلی، لێپرسراوی بەشی بەدواداچون لە هۆبەی چاندنی شنگال، كە ئامارەكەی بە (كەركوك ناو) داوە، وتی "هێشتا ئەو ئامارە ورد نییە، چونكە سەردانی مەیدانیمان نەكردووە، بەڵام راستییەكە ئەوەیە وشكبونی داری هەنجیر و بەرهەمەكانیان زۆرن".
لەكاتێكدا بەشێك لە جوتیاران دەیانەوێت حكومەت قەرەبویان بكاتەوە، محسن وتی "هێشتا قەرەبوی لەناوچونی بەرهەمی دانەوێڵەی ساڵانی رابردوو خەرجنەكراوە!".
بەرەکات عیسا، لێپرسراوی هۆبەی چاندن لە سنونێ، وتی "بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و خۆڵبارین زیانی بۆ زۆر بەرهەمی تر هەبووە، لەوانەش ترێ، بەڕوو، سەوزە و میوەی تر، تەماتە خەیار و شوتی". بەڵام وتی "هۆكاری تر هەن بۆ وشكبونی داری هەنجیر، لەوانە بەشێك لە جوتیاران باخەكانیان پشتگوێخستووە، بەشێكی تر ئەوەیە لەبەر دۆخی ئەمنی ناتوانن بەباشی خزمەتی باخەكانیان بكەن و هێزی ئەمنی جۆراجۆر لە نزیك باخەكاندا هەن و ناوبەناو ناوچەكانیان بۆردومان دەكرێت".
لەپاڵ هەنجیردا، شنگال لەسەر ئاستی عیراق بە بەرهەمی ترێ، هەنگوین و توتن و چەندین بەرهەمی تر بەناوبانگە.
بەرەکات عیسا وتی "لە بیركردنەوەداین بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی روبەڕوی جوتیاران دەبێتەوە، بەڵام بۆ ئەوە پێویستمان بە پشتیگریی دارایی هەیە".