كۆمپانیای گەردین كە گرێبەستی پاككردنەوەی 32 گەڕەكی خانەقینی هەیە، كارەكانیان راگرت، دوای ئەوەی شۆفێرێكیان دەستگیركرا و ئۆتۆمبێلەكەیان دەستبەسەركرد.
چەند رۆژیك لەمەوبەر ئەو شۆفێرە لەكاتی هێنانی سوتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلەكانی كۆمپانیای گەردین لە نێوان قەزای كەلار و خانەقین و لە یەكێك لە بازگەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ رادەگیرێت و بە تۆمەتی گواستنەوەی "سوتەمەنی بەشێوەی قاچاغ" دەستگیردەكرێت، هاوكات دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەكە و سوتەمەنییەكەشیدا دەگیرێت.
یەكێك لە ژینگەپارێزانی خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەی چوار رۆژە بە بڕیاری شارەوانی و كۆمپانیاكەش كارەكانمان راگرتووە، دەڵێن رەنگە كۆمپانیاكە لە خانەقین بكشێتەوە، ئەگەر وابێت ئێمەی ژینگەپارێزان كارەكەمان لەدەستدەدەین".
ماوەی چوار رۆژە كارەكانمان راگرتووە
سۆران عەلی حسێن، بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین – سەر بە حكومەتی هەرێم-، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەبەرئەوەی هەموو ئۆتۆمبێلەكانی كۆمپانیای گەردین ژمارەكانیان سەر بە پارێزگاكانی هەرێمە و ساڵانەكەی بەناوی كۆمپانیاكەوەیە، بۆیە بۆیان نییە لە خانەقین و سوتەمەنی وەربگرن، ناچار لە هەرێمی كوردستانەوە هاوردەی دەكەن، بۆ ئەوەش چەند ساڵە نوسراوی ئێمەیان هەیە و كێشەیان بۆ دروستنەبووە".
"لەم چەند رۆژەدا لە یەكێك لە بازگەكان كێشەیان بۆ دروستكرا و شۆفێرێك و ئۆتۆمبێلەكەشی دوای دەستبەسەركردنی ئەو سوتەمەنییەی لە كەلارەوە دەیانهێنا، بۆ بەعقوبە گوازرانەوە، ئەمەش وایكردووە كارەكانیان رابگرن".
كۆمپانیاكە لە كۆی 42 گەڕەك، گرێبەستی پاككردنەوەی 32 گەڕەكی هەیە و 100 ژینگەپارێز و كرێكار گرێبەستیان هەیە.
سەرۆكی شارەوانی خانەقین وتی "10 گەڕەكی خانەقین لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە پاكدەكرێنەوە، ئەوانیش ئۆتۆمبێل و ئامێری كەمیان هەیە و بەباشی فریاناكەون، بۆیە چوار رۆژە خۆڵ و خاشاك لە خانەقین كەڵەكە بووە".
نوێنەری كۆمپانیای گەردین لە خانەقین ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو هەڵوێستەیان بدات، بەڵام بەپێی زانیاریییەكانی (كەركوك ناو) شۆفێرەكەیان بە كەفالەت ئازادكراوە، بەڵام ئۆتۆمبێل و سوتەمەنییەكەیان دەستیبەسەرداگیراوە.
عەلی حسێن، سەرۆكی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "لە پارێزگای دیالە بۆ ئەوەی بەشە سوتەمەنی وەربگریت، دەبێت ئۆتۆمبێلەكەت بەناوی خۆتەوە بێت، ئۆتۆمبێلەكانی ئەو كۆمپانیایەش بەناوی كۆمپانیاكەوەن و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانیش سەر بە پارێزگاكانی هەرێمن بۆیە سودمەندنین".
"كۆمپانیاكە ناچارە هەموو هەفتەیەك 1000 لیتر گاز لە كەلارەوە بۆ خانەقین ببات، ئەوەش بەپێی رێپێدانی ئیدارەی خانەقین، بەڵام ئەمجارە لەو بازگەیە ئەو كێشەیە رویداوە و وتویانە نوسراوی ئیدارەی خانەقین بۆ تێپەڕبونی سوتەمەنییەكە كۆنە"، عەلی حسێن وایوت.
كۆمپانیاكە ناچارە هەموو هەفتەیەك 1000 لیتر گاز لە كەلارەوە بۆ خانەقین ببات
بەپێی ئامارەكانی شارەوانی خانەقین، كۆمپانیای گەردین رۆژانە 70 تەن خۆڵ و خاشاكی پاكدەكردەوە، لەگەڵ ئاودانی لەسەدا 80ی درەخت و باخچەكان. بەوهۆیەوە چەند رۆژێكە خۆل و خاشاك لە خانەقین كەڵەكەبون.
سیروان محەمەد، هاوڵاتییەكی خانەقین وتی "دیمەنی چەند شوێنێكی شار ناشرین و بووە و پاشماوە كەڵەكە بووە، ئەگەر بەزویی ئەو كێشەیە چارەسەرنەكرێت شار پڕدەبێت لە زبڵ".
"ئێمە ترسمان هەیە كۆمپانیاكە بكشێتەوە و كارەكان بەباشی نەڕۆن"، سەرۆكی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی خانەقین وایوت.