سەدان ئۆتۆمبێل رۆژانە دوكەڵی ژەهراوی تێكەڵ بە ژینگەی شارەکان دەكەن، سەرباری هەڕەشەكانی حكومەت و غەرامە و زۆر رێكاری دیكە، هێشتا ئەو مەترسییە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان بەردەوامە.
بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، هەر لە ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە تا بارهەڵگری بچوك و گەورە، بە دوكەڵی چڕ و رەشەوە بە شەقامەكانی هەرێمی كوردستاندا هاتوچۆ دەكەن، هەرچەندە بەپێی هۆشدارییە تەندروستییەكان، یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبون بە چەندین نەخۆشی لەوانە شێرپەنجە.
دوایین رێكارەكانی حكومەت بریتی بوو لە غەرامەی 40 هەزار دینار و زیاتر لەوەش دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوكەڵ دەكەن، ئەگەر خاوەنەكانیان ئامادەنەبن ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن.
فازڵ حاجی، شارەزا لە بواری هاتوچۆ، كە ساڵانێك وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بووە، بە راشكاوی بە پەرەگراف-ـی وت "بنبڕكردنی دوكەڵی ئۆتۆمبێل زۆر قورسە، بەڵام دەتوانرێت كەمبكرێتەوە، ئەوەش لە رێگای دانانی سیستەمێكی تازەی هاتوچۆی هاوڵاتیان بەنموونە سیستەمی میترۆ"، پێشیوایە دوكەڵ تەنیا بە رێنمایی و بڕیار چارەسەر ناكرێت.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی جیاواز هەن، جگە لەوەی مانگانە 10 هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ تۆماردەكرێن، واتە بۆ ههر سێ كهسێك ئۆتۆمبێلێك هەیە، بەپێی ئاماری رەسمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم.
"نەك دوكەڵ بەتەنیا، بەڵكو هەموو ئەو غازە ژەهراوییانەی ئۆتۆمبێل دەریدەكات مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ هەیە، بەنموونە غازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لەئەنجامی تەواو نەسووتاندنی بەنزین یان لەبەر خراپی كواڵێتی بەنزین دەردەچێت"، حاجی وای وت.
بنبڕكردنی دوكەڵی ئۆتۆمبێل زۆر قورسە، بەڵام دەتوانرێت كەمبكرێتەوە
بەپێی هۆشداریی ڕێكخراوە ژینگەییەكان، زۆریی ئۆتۆمبێل و دوکەڵکردن و دەردانی گازی ژەهراویی، لە هۆکارەکانن بۆ خێراتركردنی پڕۆسەی پیسبونی ژینگە و كەشوهەوای هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە غیابی پڕۆژەكانی چاككردن و خزمەتگوزاریی ژینگەییدایە.
د. محەمەد تاهیر بریفكانی، شارەزای بواری ژینگە بۆ پەرەگراف وتی "ئەو غازانەی لە ئۆتۆمبێل دەردەچن زۆرن، هەمووشیان ژەهراوین و كاریگەری زۆر لەسەر تەندروستی مرۆڤ دادەنێن، بەهۆیانەوە مرۆڤ تۆشی سێ جۆر شێرپەنجەی پیست و مێشك و سییەكان دەبن".
كاریگەری ئەو ژەهرانە بۆ ژینگەش كەمتر نییە و دەبێتە هۆی زیادكردنی دیاردەی گەرمبوونی زەوی، هۆكارە بۆ زیادبوونی گازی ئۆزۆن كە لەگەڵ چەند گازێكی تر تێكەڵ دەبێت و لێكەوتەی خراپ لەسەر زەوی و سەرچاوەكانی ئاو دادەنێت، بەوتەی بریفكانی.
ناوبەناو هاتوچۆ رێكار و هەندێكجار پەیامی هەڕەشە ئامێز دەربارەی دوكەڵی ئۆتۆمبێل بڵاودەكاتەوە؛ لە تشرینی دوەمی 2023ـدا هاتوچۆی هەولێر تەنیا مۆڵەتی 10 رۆژی دانا بۆ چارەسەری كێشەی دوكەڵ بەپێچەوانەی دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەكاندا دەگرن، لە ساڵی 2022ـیشدا هاتوچۆی سلێمانی پەیامێكی هاوشێوەی هەبوو، بەڵام هێشتا دەیان ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکانن بە دوکەڵی چڕەوە.
ئازاد تەها، وتەبێژی هاتوچۆی دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "هەر ئۆتۆمبێلێك دوكەڵ بكات بەرچاوە و ناشاردرێتەوە، .. مەفرەزەی گەڕۆك بەپێی یاسا و رێنماییەكان مامەڵە لەگەڵ شوفێرەكە دەكەن"، ئەو دەڵێت، زیاتر بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی گەورە دوكەڵ دەكەن بەراورد بە ئۆتۆمبێلی بچوك.
هاتوچۆی دهۆك داتای لەسەر ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە نییە كە دوكەڵ دەكەن، بەڵام ئازاد تەها دەڵێت، هێندە دەزانن شارەكەی ئەوان لەو رووەوە "بۆ كەمی دوكەڵ و پاك و خاوێنی ژینگەكەی یەكەمە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان".
هەروەها پێیوایە دوكەڵی ئۆتۆمبێل لە دهۆك كەمبووەتەوە، بەڵگەشی ئەوەیە؛ پسوڵەی سزادانی تایبەت بە دوكەڵ "بە ڕادەیەكی زۆر" كەمبووەتەوە، كە نیشانەیە بۆ ئەوەی شۆفێران رێنماییەكانی هاتوچۆ جێبەجێدەكەن، وتەبێژی هاتوچۆی دهۆک وتیشی "چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە؛ بەدواداچونی بەردەوام بۆ ئۆتۆمبێلی كوالێتی خراپ هەبێت و شۆفێران هۆشیار بكرێنەوە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی مودێلیان كۆنە لە بەرانبەر ئۆتۆمبێلی نوێدا، لەناوببرێن".
ئەو غازانەی لە ئۆتۆمبێل دەردەچن زۆرن و هەمووشیان ژەهراوین
بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان؛ لەكاتی نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلدا، بۆ جۆری بارهەڵگر بڕی 70 هەزار دینار، بۆ ئۆتۆمبێلی كرێ بڕی 30 هەزار دینار و بۆ ئۆتۆمبێلی بچوكی تایبەت بڕی 20 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەناوی ژینگە و رێگەوبان، كە پێویستە بكرێتە سندوقی خزمەتكردنەوە، بەڵام نە ژینگە و نە ڕێگەوبانەكانیش خزمەت ناكرێن.
دڵشاد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە لە دهۆك بۆ پەرگراف وتی "راستە ئەم دۆسیەیە پەیوەستە بە ئێمەشەوە، بەڵام ناتوانین لەسەر شەقام مەفرەزە دابنێین و هەر ئۆتۆمبێلێك دوكەڵ بكات سزای بدەین، كۆنتڕۆڵی رێگاوبان زیاتر بە دەست وەزارەتی ناوخۆوەیە و دەبێت زیاتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، كاری ئێمە زیاتر ڕێنمایی و زانیارییە لەسەر بابەتە ژینگەییەکان بۆ لایەنی پەیوەندیدار و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری پاراستنی ژینگەیی لای خەڵك".
لە زۆربەی وڵاتاندا ئێستا پەرە بە سیستەمی جێگرەوەی وزە دەدرێت، لە نێویاندا دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە بری ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز، بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانكاری كەشوهەوا، كە بەپێی هۆشدارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراق پێنجەم وڵاتە بۆ مەترسییەكانی ئەو گۆڕانكارییە.
"پێویستە مەرجی نوێكردنەوەی ساڵنامەی ئۆتۆمبێل زیاتر پەیوەست بكرێت بە ژینگەوە تا شۆفێر پابەندبێت بەوەی ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەی كێشەی هەبێت یان زۆر دوكەڵ بكات، چارەسەری بكات" ئەوە یەكێكە لەو چارەسەرانەی لێپرسراوەكەی فەرمانگەی ژینگە پێشنیازی كرد.
هەر ئۆتۆمبێلێك كە هەڵگری ژمارەی شارەكانی هەرێمی كوردستانە، پێویستە ساڵانە پشكنینی مەرجی توندوتۆڵی بكات، یەكێك لەو پشكنینانە دڵنیابونەوەیە لەوەی ئۆتۆمبێلەكە دوكەڵ نەكات.
فازڵ حاجی دەڵێت، تاڕادەیەك بڕیار و رێنماییەكانی هاتوچۆ كاریگەرییان هەبووە، هەر ئۆتۆمبێلێك دوكەڵ بكات راستەوخۆ لەلایەن مەفرەزەی هاتوچۆوە خاوەنەكەی ناچار دەكرێت چاكیبكاتەوە، بۆ ئەوەش بەڵگەنامەی لێوەردەگیرێت و بەبڕی 40 هەزار دینار غەرامە دەكرێت.