نەخۆشی كەڕوو لە هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی كەركوك بڵاوبۆتەوە و زیانی بە گەنمی جوتیاران گەیاندووە.
"بارانبارینی ھەفتەی رابردوو كە دواتر بەرزبونەوەی پلەی گەرمای بەدواداهات، وایكرد ئەو نەخۆشییە بڵاوبێتەوە و تەشەنە بكات، تەنیا لە 24 كاتژمێردا نەخۆشییەكە بە 30 دۆنم لە زەوییەكەمدا بڵاوبۆوە"، حسێن عەتێ، جوتیار لە گوندی تۆپزاوەی داقوق بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
نەخۆشی كەڕوو لە پلەی گەرمای بەرز و شێداردا تەشەنە دەكات، بەهۆیەوە گەڵای بەرهەمەكە بە تایبەت گەنم زەرد هەڵدەگەڕێت دواتر وشك دەبێت و هەڵدەوەرێت، ئەوەش وادەكات بەرهەمەكەی لەناوبچێت.
سروت بەھرام، شارەزا لە بواری كشتوكاڵی بە (كەركوك ناو)ـی وت گۆڕانكاری كەشوهەوا هۆكار بووە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە، كە زۆربەی كات لە دوو رۆژجا گەڵای گەنم بە تەواوی وشك دەكات و زیاتریش بەرهەمی گەنم دەگرێتەوە، "تەنیا چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشییە و رێگای دەربازبونی جوتیاران، رشتنی دەرمانی دژە كەڕووە".
هەڵمەتێكی رشتنی دەرمان لە كەركوك دەستیپێكردووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی كەڕوو لە زەوییە كشتوكاڵییەكاندا.
هێمن شكور، جوتیارە لە گوندی یەنگیجەی داقوق، دەڵێت ئەو نەخۆشییە گەڵاكە لەناودەبات و تەنیا قەدەكەی دەهێڵێتەوە، بەوەش دانەوێڵەكە پڕنابێت، واتە نابێت بە گەنم، "من نەخۆشییەكە لە 25 دۆنمی زەوییەكەمدا بڵاوبۆتەوە، هەرچەندە دەرمانم رشتووە، بەڵام هێشتا بنەبڕ نەبووە" بەوتەی هێمن بۆ (كەركوك ناو).
لە تەواوی پارێزگای كەركوك و بۆ ساڵی 2014 نزیكەی 270 هەزار دۆنم زەوی چێنراو بە گەنم و بە چەند هەفتەیەك نەخۆشییەكەی تیادا بڵاوبۆتەوە.
بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشییە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی دانەوێڵە كە لە كەركوك دەكەوێتە مانگی ئایار.
سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "نەخۆشی كەڕوو لە داقوق، دوبز، حەویجە و رەشاد و ناوچەی دیكەش بڵاوبۆتەوە، بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا، كە بارانبارین و دواتر بەرزبونەوەی پلەكانی گەرمای بەدواداهات، وایكرد نەخۆشییەكە تەشەنە بكات، بەڵام لە هەوڵی چارەسەر و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكەداین".
پارێزگای كەركوك زەوییەكی بە پیتی هەیە بۆ كشتوكاڵ بەتایبەت دانەوێڵە و ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێك دۆنم زەوی دەكرێت بە دانەویڵە و بەرهەمەكەی زیاتر لە 500 هەزار تۆن دەبێت.