پاشماوه پزیشكییه‌كان لە گەرمیان به شێوه‌یه‌كی نازانستی له‌ناوده‌برێن، لەگەڵ پاشماوەی ماڵان‌دا پێكەوە دەخرێنە ژێر خاكەوە و دەسوتێنرێن، ئەوەش بە مەترسی دەزانرێت بۆ سەر خاك و ئاوی ژێرزەوی.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2020 تاوەكو 2022، بڕی 80 ملیۆن دیناری بۆ پڕۆژەی دانانی ئامێری لەناوبردنی پاشماوە پزیشكییەكان (سوتێنەر) لە گەرمیان خەرجكرد، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكەوە، پارەكەی گەڕاندەوە.
ئه‌یاد محه‌مه‌د، هاوڵاتییەكی قه‌زای كه‌لارە سەر بە ئیدارەی گەرمیان، وتی "رۆژانە بەركەوتنمان لەگەڵ تێكەڵبونی پاشماوەی ماڵان بە ئامێر و پاشماوە پزیشكییەكان هەیە، هەمویان پێكەوە تێكەڵدەكرێن و دەخرێنە ژێر خۆڵەوە و دەسوتێنرێن"، زیاتر وتی "ماوه‌كانی رابردوو بۆ به‌سه‌ربردنی كات له‌گه‌ڵ هاوڕێیانمان روشتینه سه‌ر روباری سیروان لە كەلار، پاشماوه پزیشكییه‌كان له كه‌ناری روبارەكە فڕێدرابون، بەڵام ئەم ماوەیە نازانم لەكوێ فڕێیدەدەن".
پاشماوه پزیشكییه‌كان له كه‌ناری روبارەكە فڕێدرابون
پاشماوه پزیشكییه‌كان كە تێكەڵ بە پاشماوەی ماڵان دەكرێن، بریتین لە پاشماوەكانی نەشتەگەریی و برینپێچی، جگە لە درەمان و دەرزی و پاشماوەی هەمەجۆری تر..
به‌پێی داتاكانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ئه‌گه‌رچی ته‌نیا 15%ی پاشماوه پزیشكییه‌كان ژه‌هراویی و مه‌ترسیدارن، به‌ڵام هه‌مویان ده‌بێت به‌شێوازی زانستی و تایبه‌ت له‌ناوببرێن، چونكه لێكه‌وته‌یان هه‌یە بۆ سه‌ر ته‌ندروستی گشتی.
لەكاتێكدا لە گەرمیان حەوت نەخۆشخانەی حكومی و كەرتی تایبەت هەیە، لەگەڵ دەیان مەڵبەند و بنكەی تەندروستی، بەڵام ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییەی تەندروستی جیهانی باسی دەكات ره‌چاونه‌كراوه، بەپێچەوانەوە تێكه‌ڵ به پاشماوه‌ی ماڵان ده‌كرێت و پێكەوە دەخرێنە ژێر خاكەوە و دەسوتێنرێن.
"پاشماوەی پزیشكی تەنیا كاریگەریی نییە لەسەر هاوڵاتیان، به‌ڵكو كاریگه‌ریشی بۆ سه‌ر ژینگه و كوالێتی خاك و ئاوی ژێرزه‌ویش ده‌بێت"، دورەید سەلیم، به‌ڕێوەبه‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان.
"ئه‌و پاشماوانه كه ژێرخاك ده‌كرێن شیده‌بنه‌وه و به‌هۆی بارانه‌وه رودەچنە ناو خاكەوە، لەوێوە تێكەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبن".
ئه‌و پاشماوانه كه ژێرخاك ده‌كرێن شیده‌بنه‌وه و به‌هۆی بارانه‌وه رودەچنە ناو خاكەوە، لەوێوە تێكەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبن
دورەید زیاتر وتی "نه‌ك پاشماوه پزیشكییه‌كان به‌ڵكو كۆی ئه‌و پاشماوانه‌ی كه له گه‌رمیان و ته‌واوی كوردستان له ناوده‌برێن هیچ پێوه‌رێكی زانستی‌یان نییه... پاشماوه پزیشكییه‌كان بۆ خۆیان هه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كانن به‌تایبه‌ت نه‌خۆشیه گوازراوه‌كان".
هەرچەندە به‌ڕێوەبه‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان بونی ئامێری سوتێنەر بە گرنگ دەزانێت، بەڵام دەڵێت چارەسەر نییە.
"ئامێری سوتێنەر ناتوانێت ژینگە لە پیسبون بپارێزێت، چونكه به‌هۆی سوتانه‌وه دیسانه‌وه بڕه گازێك ده‌چێته‌وه هه‌واوە... ئێستا ئامێری زۆر پێشكەوتوتر هەیە بۆ له ناوبردنی ئه‌و پاشماوانه، به‌جۆرێك ده‌توانرێت سود له هه‌ندێك ماده‌كان وه‌ربگیرێتەوە و ریسایكلین بكرێته‌وه".
دكتۆر سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوەبه‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان-یش جەختدەكاتەوە لە نازاسنتی لەناوبردنی پاشماوە پزیشكییەكان، وتی "رادەستی شارەوانی دەكرێن و ئەوانیش لەگەڵ پاشماوه‌ی ماڵان‌دا تێكەڵی دەكەن و پێكەوە دەیكەنە ژێرخاكەوە".
لەبارەی جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكە لەكاتێكدا لە ساڵانی 2020 تاوەكو 2022 بودجەی بۆ تەرخانكرا، وتی "بودجه‌مان له‌به‌رده‌ستبوو و ده‌مانتوانی ئامێری سوتێنه‌ره دروستبكه‌ین، بەڵام كێشەیەك دروستبوو و نەكرا و بودجەكەش گەڕایەوە".
تەنانەت لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای كەلار 300 مەتر زەوی بۆ پڕۆژەكە تەرخانكرا، بەڵام وەك دكتۆر سیروان دەڵێت "ژمارەیەك جوتیار رێگرییان كرد و پڕۆژەكە نەكراو بودجەكەش گەڕێنرایەوە بۆ وەزارەتی دارایی".
هەرچەندە جارێكی تر بۆ هەمان پڕۆژە نوسراویان كردووە، بەڵام هێشتا وەڵامنەدراونەتەوە.
"ئێمە خۆمان كەرتی تەندروستین و پێداگریی لەسەر پاراستنی تەندروستی دەكەینەوە، كەچی هەر خۆمان بوین بە سه‌رچاوه‌ی پیسبونی ژینگه"، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان وایوت.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.