لە ژینگەوە

پڕۆفایل: گروپی گۆیژە بپارێزە
بۆ پارێزگاریكردن لە شاخێك دروستبوو، بەڵام خەونی گەورەی هەیە

  • 2024-08-04
پڕۆفایل: گروپی گۆیژە بپارێزە<br>بۆ پارێزگاریكردن لە شاخێك دروستبوو، بەڵام خەونی گەورەی هەیە
گردەکانی بەردەم شاخی گۆیژە کە دوانیان دراون بە کۆمپانیای قەیوان بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون
شەدە بەشیر*

گروپی گۆیژە بپارێزە، لەپێناو بەرگریكردن لە سروشتی شاخێك دروستبوو، بەڵام ئامانج و خەونەكانی تا دێت زیاتر دەبن و دەیەوێت هەنگاو بهاوێت بۆ پاراستن و بەرگریكردن لەو سروشت و ژینگەیەی لە كوردستان روبەڕوی شێواندن بۆتەوە.

گروپەكە بۆ یەكەمجار لە 30ی ئایاری 2024 بە دەستپێشخەری تیمی ژینگەی رێكخراوی ئازادبون، دامەزرا، كاتێك بەشێك لە شاخی گۆیژە لە شاری سلێمانی روبەڕوی وێرانكاریی و داتاشین بۆوە لەلایەن كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی ناوخۆیی، كە دەیەوێت سروشتەكەی بۆ یەكەی نیشتەجێبون بگۆڕێت.

هەڵوێست كەریم، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری گروپی گۆیژە بپارێزە، وتی "ئامانجی سەرەكیمان لە سەرەتادا دروستكردنی فشار بوو بۆ سەر دەسەڵات، تاوەكو پڕۆژەكەی سەر شاخی گۆیژە رابگرێت‌و ژینگەكەمان پارێزراوبێت".

"دەبێت هەڵوێستمان هەبێت و بێدەنگ نەبین لە بەرامبەر ئەو پێشیلكارییانەی دەخرێنە سەر ژینگە"، هەڵوێست زیاتر وتی "ئەمەش ئاسان نییە و روبەڕوی هەڕەشە و سوكایەتی بوینەتەوە".

دەبێت هەڵوێستمان هەبێت و بێدەنگ نەبین لە بەرامبەر ئەو پێشیلكارییانەی دەخرێنە سەر ژینگە

گروپەكە لە سەرەتای كاركردنیانەوە تائێستا چوار راگەیەنراوی رۆژنامەوانییان هەبووە. هاوكات یاداشتێكی یاساییان لە بەردەم دادگای سلێمانی خوێندۆتەوە، داوایانكردوە كە حكومەتی هەرێم پەیڕەوی یاسایی ژمارە 8ی ساڵی 2008ی ژینگە بكات، كە یاساكە رێگرە لەبەردەم ئەو پڕۆژانەی دژی ژینگەو سروشتن.

gezha.muntin
هێزە ئەمنییەكان رێگریی دەكەن لە چالاكییەكی گروپی گۆیژە بپارێزە، لەبەردەم ئەو بەشەی شاخەكە كە بۆ یەكەی نیشتەجێبون دروستدەكرێت. فۆتۆ: پەیجی گۆیژە بپارێزە

حوزەیرانی رابردوو گروپەكە روبەڕوی دەستگیركردن، هەڕەشە و سوكایەتی بونەوە، كاتێك وەك ناڕەزاییەك لەبەردەم چیای گۆیژە كۆبونەوە دژی بەردەوامی كاركردن لە داتاشینی شاخی گۆیژە.

"بە زەبری هێز داوامانلێكرا شوێنەكە بەجێبهێڵین، چەند ئەندامێكی گروپەكەمان دەستگیركران ‌و دەستدرێژی كرایە سەرمان ‌و برینداركراین، بەڵام ئێمە پێداگربوین لەوەی شوێنەكە بەجێنەهێڵین و بەیاننامەی ناڕەزایی خۆمان خوێندەوە". هەڵوێست وایوت.

شاخی گۆیژە دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی سلێمانی و بەسەر تەواوی شارەكەدا دەڕوانێت، دیمەنێكی دڵڕفێن و ناوازەی هەیە لە هەموو وەرزەكانی ساڵدا، بەشێكی گرنگە لە ژینگە و سروشتی شارەكە.

"بەداخەوە ژینگەكەمان لەژێر مەترسی كۆمپانیا گەورەكاندایە"، دڵسۆز زەنگەنە، لێپرسراوی رێكخراوی دابین و ئەندامی گروپی گۆیژە بپارێزە، زیاتر وتی "هەر بۆیە بە ئەركی خۆمم زانی لەڕێی یەم گروپەوە داكۆكی لە ژینگە بكەم".

بەداخەوە ژینگەكەمان لەژێر مەترسی كۆمپانیا گەورەكاندایە

زەنگەنە نیگەرانە لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێم بەرامبەر بە داواكاریی گروپەكەیان و پێیوایە كۆمپانیاكانیش بەرژەوەندی ماددی خۆیان لەسەروی هەموو شتێكەوە داناوە، "حكومەتیش چاوپۆشیان لێدەكات"، ئەوەش دوای ئەوە هات كە حكومەت بەربەستی بۆ ناڕەزاییەكانی گروپەكە دروستكردووە.

28 رێكخراو و كەسایەتی جیاواز لە چالاكوانان، رۆژنامەنوسان و مامۆستایانی زانكۆ بون بە ئەندامی گۆیژە بپارێزە، گروپەكە پەیجێكی تایبەتیان هەیە لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك و چالاكییەكانیان بڵاودەكەنەوە.

gezhaaa
ئاگركەوتنەوە لە بەشێك لە شاخی گۆیژە، سەدان درەخت بە تەواوی سوتان. فۆتۆ: پەیجی گۆیژە بپارێزە

گروپەكە لە چوار لیژنە پێكهاتووە و ئەندامانی بەپێی پسپۆڕییان دابەشبون بەسەر لیژنەكانی (بانكی زانیاری، ئاو و ئاوەڕۆ، جیلۆجی زەوی ‌و خاك‌، لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكان).

لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردن و بڵاوكردنەوەی راپۆرتێكن كە تایبەتە بە شێواندنی شاخی گۆیژە، لەو رێیەشەوە دەیانەوێت پانتایی كاری گروپەكە فراوانتر بكەن بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی كوردستان.

لەكاتێكدا گروپەكە لە چالاكی جۆراوجۆردان، بەڵام هێشتا پڕۆژەی داتاشینی شاخی گۆیژە بەردەوامە و كارەكانیان خێراتركردووە.

هەڵوێست كەریم، وتی "كۆمپانیای جێبەجێكار ئامێری زیاتریان خستۆەتەكار ‌و ژمارەی كرێكاریان زیادكردووە، بۆ ئەوەی بەزوترین كات پڕۆژەكەیان ئەنجام بدەن".

بەڵام ئەو دڵخۆشە بەوەی پشتوانییان تادێت زیاتر دەبێت و توانیویانە ژمارەیەك رێكخراو و كەسایەتی لە دەوری یەك ئامانج كۆبكەنەوە كە پاراستنی ژینگە و سروشتە لە وێرانكاریی، "ئێمە بەردەوامدەبین لە چالاكییەكانمان بۆ راگرتنی  پڕۆژەكانی بناری گۆیژە"، هەڵوێست وایوت.

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT