لە ژینگەوە

توو، ژاڵە و سنەوبەر جێی دەگرێتەوە
ســـەبـەحبەح بەرگەی رەشەبــــای سلێمانی ناگرێت

  • 2024-08-04
توو، ژاڵە و سنەوبەر جێی دەگرێتەوە <br>ســـەبـەحبەح بەرگەی رەشەبــــای سلێمانی ناگرێت
سلێمانی/ تەمموزی 2024/ شكانەوەی داری سەبەحبەح لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود بەهۆی رەشەباوە فۆتۆ: فەلاح ئەحمەد
لاڤە حسام*

داری سەبەحبەح-ـی بەرگەی رەشەبا و كەشیی سلێمانی ناگرێت، ناوبەناو دەشكێنەوە و لە جێگاكانیاندا داری توو، ژاڵە و سنەوبەر دەڕوێنرێت.

تەنیا لە دوو رۆژی رابردودا، 28 و 29ـی تەمموز، دەیان دار لە بلوار و سەوزایی و باخچەكانی سلێمانی بەهۆی رەشەباوە شكانەوە، كە زۆرینە لە جۆری سەبەحبەح بوون، ئەوەش بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بۆ سەوزایی بەشێك لە شەقامەكانی ناوشار.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "داری سەبەحبەح زوو گەشەدەکات، بۆیە خۆی پێناگەیەنێت و بەهێز نابێت... زیاتر بۆ ئەو ناوچانە گونجاوە کەمتر ڕەشەبا دەیانگرێتەوە نەك سروشتی شاری سلێمانی".

راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی 29ـی تەمموز لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوك، ژمارەیەك وێنەی شكانەوەی دارەكانی سلێمانی بڵاوكردۆتەوە، كە بەهۆی بای بەهێزەوە كەوتوون و كارمەندەكانیان هەڵیاندەگرنەوە، تا نەبێتە ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی شۆفێران، بەبێ ئاماژەدان بە ژمارەی دارە شكاوەكان.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو دارانەی لە جۆری سەبەحبەح-ـن، نزیکەی 15 ساڵ پێش ئێستا روێنراون، ئێستا لە هیچ شوێنێکی شاری سلێمانی ئەو جۆرە دارانە لەلایەن شارەوانییەوە ناڕوێنرێن، چونكە بۆ کەش و سروشتی سلێمانی گونجاو نییە، تەمەنی كەمە و بەرگەی ڕەشەبای بەهێز ناگرێت".

دارەكانی سەبەحبەح لە سلێمانی، لە چەندین شەقام و باخچەی ناو كۆڵان و شۆستەی لاوەكی گەڕەكەكانیشدا هەن، بەزۆری دەكەونە بلوار یان شۆستەكانی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، بە دیاریكراوی لە بەشی باكور و باكوری خۆرهەڵاتی شار و نزیكی چیای گۆیژە كە رێڕەوی بای بەهێزە، زیاتر دەشكێنەوە.

SABAHBAH (1)
سلێمانی/ تەمموزی 2024/ دارە شكاوەكانی جۆری سەبەحبەح زۆرینە لەنزیكی چیای گۆیژەن فۆتۆ: فەلاح ئەحمەد

بەڕێوەبەری باخچەكان دەڵێت لە دوو ساڵی رابردودا، زیاتر بایەخیان بە چاندنی دار و نەمامی دیكە داوە لەوانە سنەوبەر، ژاڵە، توو، قەزوان، زەیتون و ئەرخەوان، کە تەمەنیان درێژە و بەرگرییەکی باشیان هەیە.

داری سەبەحبەح، كە هەندێك بە چەتر ناویدەهێنن، دارێکی بێگانەیە بە سروشتی هەرێمی كوردستان، پێویستی بە ئاوی زۆرە، زوو گەشە دەکات و خۆی پتەو ناکات.

فەلاح ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژینگە بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە "داری سەبەحبەح بۆ كەش و سروشتی كوردستان نابێت، چونکە بەرگەی سەرما و گەرما و ڕەشەبا ناگرێت، ناوەخنی دارەكە بۆشە و زوو دەڕزێت، مێروو لێی دەدات و وادەكات زوو لەناوبچێت".

ئەو دەڵێت ساڵانێكە ژینگەدۆستان لەوبارەیەوە هۆشداری دەدەن، زانیارییان بە شەتڵگەكانیش داوە تا ئەو جۆرە دارە هاوردە نەكەن لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان خاوەنی دەیان جۆر لە داری باش و بەهێزە، وەكو توو، سورە چنار، سنەوبەر و بەڕوو.

نیشتمانی سەرەکی داری سەبەحبەح، باکوری وڵاتی هیند و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، لە هەموو جۆرە خاکێک سەوز دەبێت، تەنانەت لە خاکی لمیشدا توانای گەشەی هەیە ئەگەر گەرمای زۆر و سەرما و رەشەبا نەبێت.

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT