لە ژینگەوە

كیسەی كاغەز لە بری نایلۆن
بڕیارەكەی حكومەت بەر لە گەیشتنی مشتومڕی ناوەتەوە

  • 2024-08-04
كیسەی كاغەز لە بری نایلۆن<br>بڕیارەكەی حكومەت بەر لە گەیشتنی مشتومڕی ناوەتەوە
هەولێر/ تەمموزی 2024/ بەكارهێنانی كیسەی كاغەز لە سەمونخانەیەك دوای قەدەغەكردنی كیسەی نایلۆن فۆتۆ: راگەیاندنی حكومەتی هەرێم
بێریڤان كەمال*
 

قەدەغەكردنی كیسەی نایلۆن و گۆڕینەوەی بە كاغەز، بڕیاڕێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بەرلەوەی بگات بە سلێمانی، حكومەتی خۆجێیی پشتیوانی بۆ نیشاندەدات و نانەواخانەش ناڕەزایی.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لە ناوەڕاستی تەمموزی ئەمساڵ بە نوسراوێك قەدەغەكردنی بەكارهێنانی كیسەی نایلۆن-ـی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كردووە، لەبری ئەوەش، داوایكردووە نانەواخانە، سەمونخانە و چێشتخانەكان كیسەی كاغەز بەكاربهێنن.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت بەفەرمی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی بۆ قەدەغەکردنی كیسەی نایلۆن لە نانەوا و سەمونخانەکان نەگەیشتووە بە قایمقامیەت، "هەرکاتێک گەیشت پاڵپشتی تەواوی دەکەین".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی راگەیاندنی حكومەتی هەرێم، بڕیارەكە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و وەك بەڵگەیەكیش لە 29ـی تەمموزیش ژمارەیەك وێنەی سەمونخانە دانراوە لە سۆشیال میدیای رەسمی حكومەت، كە دەردەكەوێت كیسەی كاغەز بەكاردەهێنن.

كەیوان خەلیل، كە نوێنەری کوالێتی-ـیە لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی و لە نزیكە ئاگاداری بازاڕە، بۆ (كەركوك ناو)ـ جەختیكردەوە "هیچ نوسراوێکی فەرمیمان لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێنەگەیشتووە بۆ قەدەغەکردنی زەرف (كیسە)ـی نایلۆن".

KAXAZ (2)
هەولێر/ 2022/ هاوڵاتییەك نانی گەرم لە كیسەی كاغەز دەباتەوە فۆتۆ: UNDP

دومجارە حكومەت بڕیاردەدات لە بری نایلۆن كیسەی كاغەز بەكاربهێنرێت، یەكەمجاریان لە ساڵی 2019ـدا بوو، بەڵام ئەوكات و ئێستاش لە سلێمانی زۆربەی نانەواخانە و سەمونخانە و چێشتخانەكان هەر كیسەی نایلۆن بەكاردەهێنن، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو).

دانیار ئومێد، پیشەی نانەواییە و نكۆڵی ناكات لە زیانی نایلۆن و لەگەڵ ئەوەدایە بۆ تەندروستی هاوڵاتیان كیسەی كاغەز بەكاربهێنن، بەڵام ناتوانێت بە بڕیاری قەدەغەكردنی نایلۆنیش قایل بێت، وەك ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناڕازین لەو بڕیارە، چونکە زەرفی نایلۆن نرخەکەی گرانە، لە ماوەی ڕابردووشدا جارێکی دیکە ئەو بڕیارە هەبوو، بەڵام لەبەر ئەو هۆکارە جێبەجێنەکرا".

لە نانەواخانەكەی دانیار رۆژانە كیلۆیەك بۆ دووكیلۆ كیسە (عەلاگە)ـی نایلۆن بەكاردەهێنرێت، كە نرخی كیلۆیەك بە دوو هەزار و 500 دینارە، لە بەرانبەردا هەمان بڕ لە كیسەی كاغەز پێنج هەزار دینار دەكەوێت، "ئەگەر نرخی زەرفی كاغەز هەرزانتر بێت، بەكارهێنانی بۆ ئێمەش باشتر و بۆ هاوڵاتیانیش تەندروستترە" دانیار وایوت.

لە بەرانبەردا، بۆچوونی دیكە بێ هیچ ناڕەزاییەك پشتگیری گۆڕینی نایلۆن بە كاغەز دەكات، ئاری ئازاد یەكێكە لەوانە و خەڵكی سلێمانییە، دەڵێت زۆرجار بە گەرمی سەمون و نان دەخاتە كیسەی نایلۆنەوە و نایلۆنەكە دەتوێتەوە، بۆیە دەیەوێت كیسەی كاغەز بەكاربهێنن.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە نوسراوێكی رەسمی لە تیشرینی یەكەمی 2019ـدا كیسەی نایلۆن قەدەغە كردووە، ئەوەش دوای چەند مانگێك لە نوسراوێكی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە هات بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، كە لە تەمموزی ئەو ساڵەدا داوایكردووە کیسەی نایلۆن بە تایبەت لە نانەواخانە و سەمونخانەكاندا به‌كارنه‌هێنرێت.

پێویستە ئاسانكاری هەبێت تا دوكانداران هانبدرێن لەبری نایلۆن كاغەز بەكاربهێن

ئاوات محەمەد رونیكردەوە لە ساڵی 2019ـدا، قایمقامیەتیش بڕیاری کەمکردنەوەی مادەی پلاستیک و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی كیسەی نایلۆنی بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان دەركردووە، "لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی"، ئەو دەڵێت بەهۆی نەبونی هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە نەتوانراوە درێژە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە بدەن و سەركەوتووبن.

قایمقامی سلێمانی پێشنیازیكرد ئاسانكاری هەبێت تا دوكانداران هانبدرێن لەبری نایلۆن كاغەز بەكاربهێن، وەكو هەڵگرتنی باج لەسەر كیسەی كاغەز تا بە نرخی هەرزان پێیبانبگات، هەروەها هاوردەكردنی ئارد و لابردنی گومرگ، كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ نانەواخانە و سەمونخانەكان.

تەنیا لە سلێمانی رۆژانی ئاسایی سەروو هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە، بەڵام جیانەكراوەتەوە چەندی نایلۆن و پلاستیكە، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP)، لە 2022ـدا ئاماژەی بەوەداوە لەهەولێر رۆژانە دەوروبەری 20 هەزار تۆن پاشماوەی رەق هەیە كە زۆرینەی پلاستیكە لە نێویاندا كیسەی نایلۆن و دەبەی ئاو، هەموو ئەوانەش دەخرێنە ژێر گڵەوە یان دەسوتێنرێن، لە كاتێكدا مەترسیدارە بۆ ژینگە و تەندروستی مرۆڤ.

د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە و سەرۆکی بەشی زانستی ژینگە لە کۆلێژی زانستە ژینگەییەکانی زانکۆی سلێمانی،  بە (كەركوك ناو)ـی وت "کیسەی نایلۆن چەند جۆرێک لە ماددەی پۆلیمەر لە پێکهاتەیدا هەیە و کاریگەریی خراپیان بۆ سەر تەندروستی هەیە و هۆکاری تووشبوونن بە شێرپەنجە".

هێندەی بەدواداچونی كردووە، بەوتەی د.ژینۆ، هاوڵاتیان لە دوای ساڵی 2000ـەوە بە گشتی بون بە بەكارهێنەری زیاتری بەرهەمە پلاستیکییەکان، "خەڵک سەرقاڵە و کاتی کەمە، دەیەوێت ئەو بەرهەمانە بەکاربهێنێت کە بە ئاسانی فڕێدەدرێن، لە کاتێکدا دەبێتە هۆی زیادبوونی پاشماوە، زیانی بۆ ژینگە و تەندروستی هەیە".

KAXAZ (1)
هەولێر/ تەمموزی 2024/ بەكارهێنانی كیسەی كاغەز لە جێی كیسەی نایلۆن فۆتۆ: راگەیاندنی حكومەتی هەرێم

ساڵانە لە جیهاندا نزیكەی پێنج تریلیۆن كیسەی نایلۆن بۆ یەكجار بەكاردەهێنرێت، ئەوەش هۆكارە بۆ پیسبونی زەریاكان و ژینگە، داخستنی ئاوەڕۆ و لەناوبردنی ژیانی كێوی و زیانگەیاندن بە سروشت بە جۆرێك ناتوانرێت چاكبكرێتەوە، تەنیا چارەسەریش ئەوەیە خەڵك كیسەیەك بەكاربهێنن كە بەردەوام بەكاربهێنرێتەوە، وەكو كیسەی قوماش. بەپێی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان.

نوێنەری کوالیتی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت بەگشتی ماددە پلاستیکییەکان حەوت جۆر لەخۆدەگرن، ئەوانەی لە بازاڕەکاندا هەن گومان هەیە ماددەی دووبارە بەکارهاتووەوە بێت، لە نێویاندا ئەو نایلۆن-ـەی لە نانەواخانە، سەمونخانە و چێشتخانەکاندا بەکاردەهێنرێت، كاتێكیش خۆراكی گەرمی تێدەكرێت بەهۆیەوە ماددەی کیمیایی زیانبەخش دەگوازرێتەوە بۆ خواردنەکە، کە هەرس نابێت و لە درێژخایەندا دەبێتە گرفتی تەندروستی.

کەیوان خەلیل وتی، پێشتریش لەسەر ئەو بنەمایە و بۆ تەندروستی هاوڵاتیان قایقمامیەت بڕیاریدا لە بری نایلۆن كیسەی كاغەز بەكاربهێنرێت. 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی "پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا" بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT