لەسەدا 90ی دارەکانی باخچەی بە دۆکۆمێنتکردنی رووەکی سلێمانی سەوز بونەتەوە، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا 50 دۆنمی سوتا، بەڵام هیچ گرەنتییەك نییە جارێكی تر روبەڕوی هەمان مەترسی نەبنەوە.
باخچەكە كە دەكەوێتە ناو پاركی هەواری شار لە سلێمانی و روبەرەكەی 55 دۆنم زەوی دەبێت، لە شەوی 11ی حوزەیران بە هۆكارێكی نادیار سوتا. ئەوە تاكە باخچەیە لە عیراق بۆ دۆکۆمێنتکردنی روەکی سروشتی و بەرهەمهێنانی ئەو نەمامانەی لەگەڵ ژینگە و ئاوهەوای پارێزگای سلێمانیدا دەگونجێت.
دڵشاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری باخچەی رووەكی سلێمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەدا 90ی دارەکان سەوزبونەتەوە"، زیاتر وتی "دارەکانی ئەو باخچەیە زۆربەیان بەڕوو بون، ئاودانمان بۆ كردون و زوو سەوزبونەتەوە، بەڕوو دارێکی بەهێزە و بە زەحمەت لە ناودەچێت"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی دارەکانی دیکەی وەک قەزوان، گۆیژ و بەڵاڵوکیش لەگەڵ فێنكبونی كەشەكە سەوزدەبنەوە.
ئەو پێیوابوو باخچەكە بەهۆی هەورەبروسکەی بەهێزەوە سوتاوە، بەڵام لەراپۆرتی پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانیدا هاتووە "هۆكارەكەی نەزانراوە".
ئیدارەی باخچەکانی سلێمانی لە سەرەتای مانگی سێدا داوای لە حكومەتی خۆجێی کرد 20 کرێکاریان بۆ دابینبكەن بۆ ئەوەی گژوگیای ناو باخچەكە لەناوببەن بەر لەهاتنی وەرزی هاوین، ئەوەش پێویستی بە 30 ملیۆن دینار بوو. بەڵام دڵشاد عەبدوڵڵا وتی "وتیان ناتوانین دابینی بكەین".
جوتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی وتی "لە مانگی سێدا بە نوسراو داوامان لە وەزارەتی دارایی و ئابوری کردووە بۆ تەرخانکردنی بڕی 45 ملیار دینار بۆ ئەو باخچە گرنگەكانی سلێمانی و لەپێناو پاراستنیان لە سوتان و لەناوچونیان"، بەڵام ئەوانیش وەڵامیان نەدراوەتەوە.
باخچەی بە دۆکۆمێنتکردنی رووەکی سروشتی لە سلێمانی، هەشت ساڵ لەمەوبەر دروستكراوە و ئامانج سەرەكی دۆکۆمێنتکردن پاراستنی درەختە خۆماڵییەكانە، ئەوانەی لەگەڵ ژینگە و ئاووهەوای سلێمانیدا دەگونجێن.
"ساڵانە هەندێك رێكار دەگیرینەبەر بۆ پاراستنی باخچەكان لە سوتان و لەناوچون، لەوانەش ئاودان و ئاگربڕی باخچەكان، بۆ ساڵانی داهاتوش و بۆ ئەوەی بتوانین رێگریی بكەین، پلان و رێکاری دیکە دەگرینەبەر و ئێستاش لەگەڵ پارێزگار و وەزارەتی دارایی لەسەر خەتین بۆ ئەو رێكارانە و گرتنبەری شیوازی نوێ"، بەپێی وتەی جوتیار خالید.
ئەو وتەیەی جوتیار خالید هاوكات بوو لەگەڵ كەوتنەوەی ئاگر لە شاخی گۆیژە لە هەفتەی رابردوو، كە بەهۆیەوە 20 هەزار دار سوتان.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.