بۆیەكەمجار، مۆز لە گوندێكی پارێزگای دیالە بەسەركەوتویی بەرهەمهێنرا، بیرۆكەكە لەلایەن دوو برا لە گوندی زاغنیەی بچوك جێبەجێكرا، كە یەكێكیان خوێندكاری ماستەرە لەبوارێك كە پەیوەندی بەكشوكاڵەوە نییە، ئەوەش بەسودوەرگرتن لە شارەزایەكی لوبنانی كە رێگە دروستەكانی پێگەیاندنی بەروبومەكەی نیشاندان.
پارێزگای دیالی بەبەرهەمهێنانی چەندین جۆر بەروبومی كشتوكاڵی بەناوبانگە، لە پرتەقاڵ، لیمۆ و خورماوە تا دەگاتە شوتی و گەنم، بەو پێیەی خاكێكی بەپیتی هەیە و بە سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دەوڵەمەندە.
ئەحمەد عەلی (28 ساڵ) پیشەی جوتیارە، بە (كەركوك ناو)ی وت "تاقیكردنەوەكەمان كەموێنەیە لە ناوچەكەدا، خۆم و (محەمەد)ی برم هەوڵی سەرخستنیماندا، دوو ساڵ لەمەوبەر دەستمان بەم كارە كرد و پێشتر چەندین شتی ترمان تاقیكردۆتەوە".
بێستانەكەی ئەحمەد و محەمەدی برای لە گوندی زاغنیەی بچوكی سەر بە شاری بەعقوبەیە، پیشەكەیان لەباوباپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە و هەر لەمناڵییەوە لەگەڵ دایك و باوكیان و پێنج برای تریان كشتوكاڵیان دەكرد.
ئەحمەد، كە خوێندكاری ماستەرە لەبەشی كۆمبیوتەری زانكۆی موستەنسریە لەشاری بەغدا دەڵێت سەركەوتن لە بواری كشتوكاڵ پێویستی بە شارەزایی و زانستە.
"لەیەكەم تاقیكردنەوەدا سەركەوتنمان بەدەستهێنا و چاومان لە بەرهەمهێنانی بڕی زیاترە".
سەرەڕای سەركەوتنی تاقیكردنەوەكە، روبەڕوی چەند ئاستەنگێك بونەوە، بۆ نمونە قەبارەی مۆزە بەرهەمهاتووەكە بچوك بوو، رەنگیشی سەوز بوو، كە بەكەڵكی خواردن نەدەهات. تاقیكردنەوەكە دوو ساڵی خایاند.
دواتر ئەحمەد و محەمەد پەیوەندییان بە شارەزایەكی لوبنانی كرد كە ئامۆژگاری بەنرخی پێدان تا ئامانجەكەیان بەدیبهێنن، پێی وتن "دەبێت بەری دار مۆزەكە بە نایلۆن دابپۆشرێت، ئەم رێگەیەش یارمەتیدەرە بۆ پێگەیاندنی و گۆڕانی رەنگی توێكڵەكە لەسەوزەوە بۆ زەرد".
ئەحمەد بەشانازییەوە وتی، "وا ئەمڕۆ یەكەم خەرمانی مۆزمان هاتە بەرهەم".
ئەو دوو برایە بەنیازن كارەكەیان فراوانتر بكەن و بیكەن بە پڕۆژەیەكی ئابوری و بەرهەمەكەیان بخەنە بازاڕەكانی دیالە و بەغدای پایتەخت، ئامادەییشیان دەربڕیوە تا شەتڵی مۆز بێبەرانبەر بەسەر خوازیارانی چاندنی ئەو بەروبومە دابەشبكەن.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.