لە ژینگەوە

سیستمی سۆلار
كارەبای بەردەوام بۆ گوندەكانی كەركوك دەگەڕێنێتەوە

  • 2024-09-17
سیستمی سۆلار<br>كارەبای بەردەوام بۆ گوندەكانی كەركوك دەگەڕێنێتەوە
كەركوك/ ئابی 2024/ دانانی سیستمی سۆلار لە گوندێكی پارێزگاكە، فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو
لەیلا ئەحمەد

كارەبای نیشتیمانی بە ئەستەم دەگەیشتە ماڵەكەی سەڵاح محەمەد، لە ناحیەی عەباسی لە باشوری خۆرئاوای كەركوك، ووزەكەی بەڕادەیەك كەمبوو نەیانتدەتوانی تەنانەت ئەو ماتۆڕانەش دابگیرسێنن كە بەهۆیەوە ئاوی خواردانەوەی لێوە دەستدەكەوت.

"نەبونی كارەبا بووەهۆكاری نەبونی ئاو، نەك بۆ خواردن بۆ پێداویستی رۆژانەش، كارەبا دەهات و دەبڕا، ووزەكەی لاواز بوو جگە لە گڵۆپ هیچ سودی تری نەبوو، ئامێرەكانی ناوماڵی خراپ كردبوو"، سەڵاح دانیشتوی گوندی تارقیە بە كشتوكاڵەوە سەرقاڵە وایوت.

چوار ساڵ لەمەوبەر، سەڵاح لەو تاكە گوندنشینانە بوو، كە بڕیاریدا سیستمی سۆلار بەكاربهێنێت، تیایدا بە سودوەرگرتن لە ووزەی خۆر كارەبا بەدەستبخات.

لەو رۆژەوە، بەلێشاو گوندنشینانی ناوچەكە، روو لەبەكارهێنانی سیستمی خۆر دەكەن بۆ بەدەستهێنانی كارەبا.

لە گوندی تارقیە لەكۆی 60 خێزان، لە ئێستادا 40یان وزەی خۆر لەبری كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە بەكاردەهێنن.

سیستمی سۆلار، جگە لە سودبینین لە وزەی خۆر بۆ پەیداكردنی كارەبا، هاوكات دۆستی ژینگەیە، بە پێچەوانەی مۆلیدەی كارەبا كە دوكەڵەكەی كاریگەریی لەسەر پیسبونی ژینگە و هەوا هەیە.

"سیستمێكی بێدەنگ و پاك و خاوێنە، ئەمە باشترە لەوەی پارەی كرێی مۆلیدە بدەین، یان مۆلیدە بكڕین،  جگەلەوەی وەكو وزەی خۆرەكەش كارەبامان ناداتێ".

سیستمێكی بێدەنگ و پاك و خاوێنە، كارەبای زیاتریش دەدات

سەڵاح ئێستا 24 كاتژمێر كارەبای هەیە، رۆژانە سیستمەكە بە وزەی خۆر  و شەوانیش بەو پاترییانەی بۆی دانراوە كار دەكات.

بڕی تێچوی دانانی سیستمەكە كەوتۆتە سەر ژمارەی پانێڵەكان، یان پێویستی خێزانەكە بەوەی چەند ئەمپێری كارەبای دەوێت. وەك عقیل محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی تایبەت بە سیستمی سۆلار، وتی "بۆ 10 ئەمپێر كارەبا، نزیكەی سێ میلۆن و نیو پارەی دەوێت".

سیستمەكە هاوكات بۆ كشتوكاڵ سودی لێ دەبینرێت، لەڕێیەوە ئاوی پێویست بۆ كشتوكاڵیش دەستدەخرێت. "ئێستا كێشەی ئاو و كارەبامان نییە، هەروەها ژینگەیەكیش پاكیش".

سیستمەكە لە گوندەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك، بەخێرایی بڵاوبۆتەوە و بەكاردەهێنرێت، گوند هەیە تەواوی دانیشتووانەكەی پشتی پێدەبەستن.

Solar
كەركوك/ ئابی 2024/ پاتری سیستمی سۆلار لە گوندێكی پارێزگاكە، فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عمران عەبد، جوتیارێكی گوندی سمودە لە كەركوك و خێزاندارە و باوكی پێنج منداڵە، مانگێك لەمەوبەر سیستمی سۆلاری دانا، هەمان ئەو هۆكارانەی سەڵاح باسیكرد لە كەمی كارەبا و دەستنەخستنی ئاوی پێویست هۆكاربووە بۆ دانانی سیستمەكە.

"نەمدەتوانی ماتۆڕی ئاو  بە كارەبای نیشتیمانی دابیگرسێنم، كە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵ بوو، چەند جارێك ئامێرەكەی تێكدەدا".

عمران بە بڕی 8 ملیۆن و 900 هەزار دینار، سیستمی سۆلاری جێگیركرد و بڕی 70 ئەمپێر كارەبا دەدات، "ئێستا بەباشی كاری كشتوكاڵی خۆم دەكەم، ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵم بەدەستهێنا، سەد لە سەد لێی رازیم"، بەڵام وتی كە دەیان خێزان هەیە ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بۆ سودوەرگرتن لە سیستمی خۆر بدەن، بەوەش لە كشتوكاڵدا لە پاشەكشێدان.

عەمران زیاتر وتی "چی كشتوكاڵم كرد وشكبون، زیانێكی زۆرم كرد، سەرلەنوێ دەستم بە كشتوكاڵ كردەوە".

كۆمپانیاكانی دانانی سیستمی سۆلار، دەڵێن سیستمەكە چەند جۆرێكی هەیە و كەوتۆتە سەر توانای دارایی كڕیاران.

عقیل محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەبیع ئەلهادر بۆ دانانی سیستمی سۆلار لە كەركوك، وتی كە بەشێك لە پاتری سیستمەكە زەمانی پێنج ساڵی هەیە و دەتوانێت 15 ساڵ بەكاربهێنرێت.

"سیستمی سودوەرگرتن لە وزەی خۆر زیاتر لەناو گوندەكاندا بەكار دەهێنرێت نەك ناو شار، چونكە ناو شار مۆلیدەی گەڕەك هەیە و كارەبای نیشتیمانیش باشترە".

سیستمی سودوەرگرتن لە وزەی خۆر زیاتر لەناو گوندەكاندا بەكار دەهێنرێت

بەگشتی رۆژانە نزیكەی 14 بۆ 15 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی لەناو شاری كەركودا دەدرێت بە هاوڵاتیان، بەڵام بەشێوەیەكە سێ كاتژمێر هەیە و دوو كاتژمێر نییە، یان بە پێچەوانەوە. بەڵام بۆ گوندەكان ڤۆڵتییەكەی بەڕادەیەك لاوازە كە سودی لێنابینرێت.

قەزای حەویجە لە باشوری كەركوك كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی پشت بە كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ دەبەستن، یەكێكە لەو قەزایانەی كەركوك كە زۆرترین جوتیار روویان لە بەكارهێنانی سیستمی سۆلار كردووە.

ئەو هەوڵەی جوتیاران ژینگەدۆستانی دڵخۆش كردووە، چونكە سیستمەكە ژینگە پیس ناكات و نابێتەهۆی پیسبونی هەوا.

هەڵۆ غازی، سەرۆكی ڕێكخراوی دوبز بۆ پاراستنی ژینگە، وتی "ئەو مۆلیدانەی لەناو كەركوكدا كارەبا بۆ خەڵك دابین دەكەن بە دوكەڵی گازەكانیان هەوا و ژینگەكە پیس دەكەن، هەروەها بەرهەمی سوتێنەری ناتەواو و ماددەی ژەهراوی و دوائۆكسیدی كاربۆنیش لە مۆلیدەكانەوە دەردەچێت، ئەمانەش دەبێتەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا و بەرزی پلەی گەرمی".

بۆیە بە پێویستی زانی پلانی نمونەی گوندەكان بۆ ناو شار بگوازرێتەوە و لەوێوە ژینگە و هەواكەی لە پیسبون بپارێزین.

"ئەگەر وا بڕوات و وزەی جێگرەوە یان وزەی پاك كە وزەی خۆرە بەكاربهێنرێت، دەردانی گازە پیسەكان نامێنێت و پلەی گەرمیش دادەبەزێت"، زیاتر وتی "لە وەرزی هاویندا ئامێرە فێنككەرەوەكان لەكاتی كاركردندا بۆنی گازی پیس لەگەڵ خۆیان دەبەنە ژورەكان و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی و ژینگەی ماڵەوە"، هەڵۆ غازی وایوت.

وتیشی "مادام حكومەت ناتوانێت كارەبای پێویست دابینبكات، دەتوانێن هاوكاریی هاوڵاتیان بكات لە تێچوی دانانی سیستمی سۆلار، رەنگە بەقیستی مانگانە بیرۆكەیەك باش بێت".

"سیستمەكە دەبێتەهۆی بەفێڕۆنەدانی ئاویش، هاوینان بەشێكی زۆری ئاوی ماڵان بۆ فێنككەرەوە بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەگەر ئەمپێری كارەبای زۆرت هەبوو، رەنگە پێویستت بە موبەڕێدە نەبێت".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT