لە ژینگەوە

ژیان لە نێو دوكەڵی ڕەشدا؛ ئۆتۆمبێلی زۆر خەریكە شارێك دەخنكێنێت

  • 2024-09-30
ژیان لە نێو دوكەڵی ڕەشدا؛ ئۆتۆمبێلی زۆر خەریكە شارێك دەخنكێنێت
ئەم وێنەیە لە پەیجی هاتوچۆی سلێمانی لە فەیسبوك لەگەڵ بابەتێكدا دەربارەی زیانەكانی دوكەڵی ئۆتۆمبێل بڵاوكراوەتەوە
غەمگین محەمەد *

لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر پێش ئۆتۆمبێلەكەی سەناریا كەوتووە، هێندە دوكەڵی رەشی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، ئاستی بینینی كەمكردۆتەوە.

لەوكاتەدا سەناریا، خێرایی ئۆتۆمبێلەكەی كەم دەكاتەوە و پڕ دەداتە مۆبایلەكەی، بۆ ئەوەی كورتە ڤیدیۆیەكی تۆمار بكات و بینێریت بۆ هاتوچۆ و سزای بارهەڵگرەكە بدرێت، تا چیتر ژینگە پیس نەكات.

رۆژ دەبێتەوە تا درەنگانی شەو، هەموو شەقامەكانی شاری سلێمانی جمەیان دێت لە ئۆتۆمبێل، جگەلەوەی شۆفێری زەحمەتتر هەبووە، ئاووهەوای شارەكەش تادێت زیاتر بەرەو پیسبون دەچێت. سەناریا چیرۆكی زۆری لەگەڵ دوكەڵی ژەهراوی ئۆتۆمبێل و قەرەباڵغی شەقامەكاندا هەیە، چونكە هەر ئەو ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت لەوەتەی هاوسەرەكەی جەڵتە لێیداوە.

هەموو بەیانییەك زوو، لەگەڵ منداڵە دوو ساڵانەكەیدا كاتژمێر 6:45 خولەك لە گەڕەكی كەنەسورەی باشوری شاری سلێمانییەوە دەردەچن تا هاوسەرەكەی بگەیەنێت بە دەوامی یەكێك لە فەرمانگە حكومییەكان لە خۆرهەڵاتی شار، رێگایەكی 10 بۆ 15 خولەكی بەهۆی قەرەباڵغیی و زۆری ئۆتۆمبێلەوە بۆتە نزیكەی 30 خولەك.

"هەرچەندە كاتەكەی بۆ دەوامی هاوسەرەكەم زووە، بەڵام ناچارین یەكێكمان قوربانی بدین، ئەگەر وا زوو دەرنەچین ناتوانم لەکاتی خۆی بگەمە دەوامەکەی خۆم، خۆ ناکرێت هەموو رۆژێک لەسەر درەنگ کەوتن رونکردنەوە بۆ بەڕێوەبەرەکەم بدەم" سەناریا ئەحمەد بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

بەپێی ئاماری دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان، نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێم هەیە و لەسەدا 60ـیان ئۆتۆمبێلی تایبەتن، زۆری ئۆتۆمبێلیش واتە سوتانی بەنزین و گازوایل، كە دەرەنجامەكەی پیسبوونی ژینگەیە.

رەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان بۆ (کەرکوک ناو) وتی "لە هەرێم یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا بوونی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە زۆرەیە لەسەر شەقام کە زۆرینەی ئۆتۆمبێلی تایبەتن، لەبەرئەوەی گواستنەوەی گشتی لاوازە".

بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە، هەوای عیراق یەکێکە لە "هەرە پیسترینی" ووڵاتانی جیهان، پیسبونی ژینگە و ئاووهەواش، بەپێی وەزارەتی تەندروستی هەرێم یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2023دا نۆ هەزار و 911 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون و دەركەوتووە شێرپەنجەی سییەكان دووەم بەرزترین جۆری شێرپەنجەیە.

یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا بوونی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە زۆرەیە لەسەر شەقام کە زۆرینەی ئۆتۆمبێلی تایبەتن

كوالێتی هەوای هەرێمی کوردستان ئەگەر لە 10 ساڵی رابردوودا باش بووبێت، ئێستا باش نییە و لە زۆربەی پیسکەرەکاندا ستانداردی تێەڕاندووە، بەتایبەتی لە شارەکاندا و ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆر بەکارهێنانی مەوادی کیمیایی و سووتانی پاوان و دارستانەکانەوە هەوای گوندەکانیش پیس بووە، بەوتەی یەریڤان شاسوار، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە كوالێتی هەوا بۆ (کەرکوک ناو).

لە هەرێمی کوردستان پاسی هێڵی گشتی بەپێی سیستمی نەفەر کاردەکات، شۆفێری هەر پاسێک بۆ ئەوەی لە یەکەمین وێستگە بڕوات دەبێت 10 نەفەری پێبێت کە جاری وا هەیە بە سەعاتێک ئەو 10 نەفەرە پەیدا نابێت و لە وێستگەکانی تریش هاووڵاتی چاوەڕوانی پاسە، ئەوەش وادەکات هاووڵاتی بێزاربێت و بۆئەوەی چاوەڕوان نەکات ئۆتۆمبێلی تایبەت یان تاکسی بەکاردەهێنێت.

ئەسعەد مەلا کەریم، بەڕێوەبەر لە هاتوچۆی هەرێم بە (کەرکوک ناو)ـی وت "بە دڵنیاییەوە گواستنەوەی گشتی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان لاوازە و بەپێی پێویست نییە، ئەوەش وایکردووە هاووڵاتی ناچاربێت بۆ هاتوچۆ کردن زیاتر ئۆتۆمبێلی تایبەت بەکاربهێنێت".

لە زۆربەی وڵاتاندا ئێستا پەرە بە سیستەمی جێگرەوەی وزە دەدرێت، لە نێویاندا دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە بری ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز، بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانكاری ئاووهەوا، كە بەپێی هۆشدارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق پێنجەم وڵاتە بۆ مەترسییەكانی ئەو گۆڕانكارییە.

سەناریا رۆژانە زیاتر لە كاتژمێرێك لە رێگادایە، تەنیا بەیانیان و بۆ گەیشتن بە دەوام، دوای دانانی هاوسەرەكەی دەبێت منداڵەكەی بگەیەنێت بە دایەنگە و خۆشی كاتژمێر 8 دەچێتە دەزگایەكی راگەیاندن لە خۆرئاوای شار.

"سێ ساڵە ئەمە ئیشی هەموو رۆژێکمە، ئەم کاتژمێرەی بەیانیان سەرجەم شەقامەکان قەرەباڵغن و هەموان دەیانەوێت لەکاتی دیاریکراودا بگەنە دەوام، سەیرکە هەمووی ئۆتۆمبێلی تایبەتە، ..کاتی دەستپێکردنی دەوامی قوتابخانە شەقامەکە قەرەباڵغتر دەبێت" سەناریا ئەحمەد وای وت.

سیتی پاس یان شەوانە پاسی سلێمانی، پاس لە  بازنەی مەلیک مەحمود، ئەوانە چەند پڕۆژەیەکی ئامادەن بۆ برەودان بە گواستنەوەی گشتی، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە و پشتیوانینەکردنی حکومەتەوە، جێبەجێنەکراون.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەیان پڕۆژە و پلانمان هەیە بۆ بەهێزکردنی کەرتی گشتی نەک تەنیا لە سلێمانی، بەڵکو بۆ هەموو هەرێم، بەڵام بێ پارەیی بێبەهای کردوون، بۆ نموونە لە شاری سلێمانی 12 ساڵە دیزاینی هێڵی تراموامان هەیە کە نزیکەی سێ ملیۆن دیناری تێچووە و کەس نییە جێبەجێیبکات، دیزانینی پڕۆژەکە لە چەکمەجەیەکی بەڕێوەبەرایەتی فڕێدراوە".

SLEMANI (2)
سلێمانی/ ئەیلولی 2024/ قەرەباڵغی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لە بەیانیاندا فۆتۆ: كەركوك ناو

ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا، -کە زۆرێک لە وڵاتان ستاندارد و یاساکانی پیسبوونی هەوای وڵاتەکانیان لەسەر ئەوان دادەنێن-، پێوانەیان بۆ شەش پیسکەرە سەرەکییەکەی هەوا داناوە ئەگەر لەو رێژەیە تێپەڕی ئەوا کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت ، پیسکەرەکان بریتین لە گراوند ئۆزۆن، تەنۆلکەی هەڵواسراوی هەوا، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و قوڕقوشم.

یەریڤان شاسوار دەڵێت سەرجەم پیسکەرەکان لە هەوای هەرێمی کوردستاندا بەرزن، بۆ نموونە تەنۆلکەی هەڵواسراوی هەوا کە تیرەکەی لە دوو مایکرۆگرام و نیو کەمترە و بەئاسانی هەڵدەمژرێت و لەگەڵ هەناسەدا دەچێتە ناو سییەکان و لەشی مرۆڤەوە، بەپێی ستاندار دەبێت رۆژانە رێژەکەی لە هەوادا لە 15 مایکرۆ گرام تێنەپەڕێت، بەڵام لە شارەکانی هەرێم دەگاتە 65 مایکرۆ گرام.

هەر ئۆتۆمبێل نییە، هەزاران مۆلیدە و كارگە و پاڵاوگەی بەرهەمە نەوتییەكان رۆژانە دوكەڵی ژەهراوی تێكەڵ بە ئاووهەوا دەكەن.

بەوتەی یەریڤان شاسوار، كە شارەزایە لە كوالێتی هەوا، بەگشتی هەوای هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شارەکان "پیسن"، بۆیە بە پێویستیزانی یاسایەک هەبێت ستانداردەکانی پیسبوونی هەوا دیاریبکات وەک ئەوەی لە زۆرێک لە وڵاتاندا هەیە و بەپێی ستانداردەکان پێوانەیەکی ناوخۆیی هەبێت، هەروەها "رێگری بکرێت لە هێنانی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە بێ کوالێتییە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی هەشت بستنی مەکینە گەورە".

پیسكردنی ژینگە و ئاووهەوای كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008ـی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت.

وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی رابردوودا نووسراویان کردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ کە هەر ئۆتۆمبێلێک بەردی گزۆزی لێدەرهێنرابێت نابێت تۆمار بکرێت، بە وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریشیان لە وەزارەتی پلاندانان وتووە، کە نابێت ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی دوکەڵێكی زۆریان هەیە رێگەیان پێ بدرێت بهێنرێنە ناوەوە.

"ئەگەر نووسراوەکانمان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە لەبەرچاو بگیرایە، نەدەبوو ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ئێستا لەسەر شەقامەکان هەبوونایە" رەزاق خەیلانی وادەڵێت.

لەبەرئەوەی لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود پاسی هێڵی گشتی نییە، کاتی تەواوبوونی دەوام، هاوسەرەکەی سەناریا بە تاکسی دەڕواتەوە ماڵەوە، ئەوەش بارگرانی بۆ دروست کردوون.

سەناریا وتی "ئەگەر هێڵی گشتی چالاک بوایە و هاووڵاتی دڵنیابوایە لەوەی لەکاتی دیاریکراودا دەگاتە شوێنی مەبەست، ئەم هەموو خەڵکە ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەکارنەدەهێنا، وابزانم ئەوەندە ئەرکێکی قورس نییە و پێویست ناکات لایەنی بەرپرس خۆی ماندوو بکات تەنها چاو لە وڵاتێکی دراوسێ بکات و جێبەجێیبکات".

بەگشتی هەوای هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شارەکان پیسن

پاسی هێڵە گشتییەکان زۆربەیان مۆدێلیان کۆنە، سیستمی ساردی و گەرمییان تێدا نییە یان بەپێی پێویست نییە، لە زستاندا سەرنشین سەرمایەتی و لەهاویندا گەرما، ئەوەش هۆكارێكی ترە كە وادەكات بە پاس هاتوچۆ نەكەن.

بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی وتی چەندینجار لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن باسی کێشەکانی گواستنەوەی گشتییان کردووە، بەڵام  "حکومەت پارە لە گەشەپێدانی گواستنەوەی گشتیدا خەرجناکات و پاڵپشتی کەرتی تایبەتیش ناکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەو بوارەدا بکەن".

پیسبوونی هەوا کێشەیەکی جیهانییە و لە بەرانبەردا، یەكێك لە چارەسەرەكان ئەوەیە، بە زیادکردنی سەوزایی لە رێگەی رواندنی دار و درەختی گەڵا ورد و زۆرەوە هەوا پاکبێتەوە.

یەریڤان شاسوار دەڵێت بۆ ئەوەی ژینگە و هەوای هەر شوێنێک پاک بێت، پێویستە هەر رووبەرێک لە سەدا 25 سەوزایی بێت یان بەپێی پێوانەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ژینگەیەکی تەندروستدا بژی پێویستە هەر تاکێک نۆ مەتر سەوزایی بەربکەوێت، "بەڵام لە سلێمانی هەر تاکێک سێ مەتر و نیوی بەردەکەوێت و رێژەکە لە هەولێر کەم دەبێتەوە بۆ دوو مەتر".

بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان؛ لەكاتی نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلدا، بۆ جۆری بارهەڵگر بڕی 70 هەزار دینار، بۆ ئۆتۆمبێلی كرێ بڕی 30 هەزار دینار و بۆ ئۆتۆمبێلی بچوكی تایبەت بڕی 20 هەزار دینار وەردەگیرێت، كە یاسا بەرەكارەكان وای جێگیركردووە ئەو باج و ڕسومات و پارەیەی بەناوی ژینگە و ڕێگەوبانەوە وەردەگیرێن، بخرێنە سندوقێك تا لە خزمەتی ژینگە و ڕێگەوبانەكاندا خەرج بكرێنەوە.

وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم پێیوایە هەوای شارەکان پیسە، بەڵام بەو رێژەیە نییە کە دەرفەتی ژیانی تێدا نەمابێت، "ئەگەر هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا بە تایبەت ئۆتۆمبێلەکان، موەلیدەکان، کارگەکان و پاڵاوگەکان وەک خۆیان بمێننەوە و بە هەمانشێوەی ئێستا کاربکەن ئەوا هەوا بەرەو پیسبوونی زیاتر دەچێت، بۆیە لەپێناو پاکبوونەوەی هەوا پێویستە هۆکارەکانی پیسبوون رابگیرێن".

رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات كە پیسبونی هەوای ماڵ و دەرەوە، لە هەڕەشە گەورەكانی سەر ژیان و ئاووهەوان، ساڵانە دەبنە هۆی مردنی پێشوەختەی حەوت ملیۆن كەس لە جیهاندا.

سەعات گەیشتۆتە چواری دوای نیوەڕۆ، هەمان بەزم و بەسەرهاتی سەناریا ئەحمەد دوبارە دەبێتەوە، نزیكەی كاتژمێرێكی دیكە بە رێگاوە دەبێت لە نێو قەرباڵغی شەقام و دوكەڵی رەش و ژەهراوی ئۆتۆمبێل، تا دەگاتەوە ماڵەوە، "ئەم ماراسۆنەی ئەمڕۆ، ئیشی شەش رۆژی منە لە هەفتەیەکدا، بێجگە لە راپەڕاندنی سەرجەم کاروبارەکانی تری ماڵەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت".

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT